پسپۆڕێکی ئابووریی جیهان: ژێرخانیی ئابووریی هەرێم گەشە دەکات

پسپۆڕێکی ئابووریی جیهان دەڵێت، ئەوەی لەکابینەی نۆیەم کراوە ستراتیجێکە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئابوورییەکی تۆکمە بێت، یاخود بتوانێت بەرگەی قەیران بگرێت.
حوسێن ئەحمەد مستەفا، پسپۆڕی ئابووری جیهان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کاتێک لە هەر وڵاتێک باس لە ژێرخان دەکرێت، ڕاستەوخۆ سەرنجەکان بۆ ڕێگەوبان دەچێت، ئەمە بەشێکی ژێرخانی تۆکمەیە، هەروەها بەشێکی دیکە ژێرخانی دەرامەتی ئاوییە، وەک دروستکردنی پۆند و بەنداو، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بەشێوەیەکی دروست.
ڕاشیگەیاند، ژێرخانێکی دیکەمان هەیە کە ڕاستەوخۆ بەرهەمداریی زیاد دەکات، یاخود بەرهەمی کشتوکاڵیی زیاد دەکات؛ ئەویش دروستکردنی ژێرخانی کۆگا و ساردکەرەوە، دەشڵێت، ژێرخانی دیکەمان هەیە کە پەیوەستە بە تەکنەلۆجیای زانیاریی، کە لە خزمەت هەموو کەرتە ئابوورییەکاندان، هەروەها ژێرخانێکی گشتییمان هەیە کە وا دەکات خزمەت گوزارییە گشتییەکان بەباشی بگەن. وەک تەندروستیی، خوێندن، ئاسایش و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.
حوسێن گوتیشی: ئەوەی لەکابینەی نۆیەم کراوە ستراتیجێکە بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئابوورییەکی تۆکمە بێت، یاخود بتوانێت بەرگەی قەیران بگرێت، هەروەها ئەوەی لە بواری ڕێگە و بان کراوە ناتوانین باسی نەکەین، کە بووەتە هۆی سەرنجی ناوخۆ و دەرەوە.
باسی لەوەش کرد، ئێمە لەساڵانی ڕابردوو نەمان بینییوە بەرهەمەکانی جووتیاران بگاتە وڵاتانی دەرەوە، بەڵام ئێستا بەرهەمەکان دەگاتە ولاتانی ئەورووپا و بەریتانیا، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ستراتیجەیە کە لەکوردستان پەیرەو دەکرێت.