ئەمساڵ لە سلێمانی نۆ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان سپاردووە
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ئەمساڵ نۆ کرێکار لە سنووری پارێزگاری سلێمانی لە کاتی کارکردن لە پرۆژەکان، گیانیان سپاردووە.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازیی سلێمانی، لە لێدوانێکدا بە هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کرێکارێک لە کاتی کارکردندا، لە پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی سلێمانی کەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
سەرۆکی سەندیکای بیناسازی سلێمانی ڕوونیشی کردەوە، بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونی کردوویانن، بارودۆخی تەندروستیی ئەو کرێکارەی کەوتووەتە خوارەوە "جێگیرە" و مەترسیی لەسەر ژیانی نەماوە.
بە گوتەی عوسمان زیندانی، کرێکارێکی دیکە بە ناوی زانا حوسێن، تەمەن 29 ساڵ، هەفتەیەک پێش ئێستا لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبونی سلێمانی کەوتووەتە خوارەوە و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ ماوەی هەفتەیەک؛ ئەمڕۆ گیانی سپاردووە.
ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، وەکو ئەوەی عوسمان زیندانی باسی کرد، نۆ کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیان سپاردووە، لەوانە دووانیان کرێکاری بیانی بوون. گوتیشی، ساڵی ڕابردووش، 18 کرێکار لەو سنوورە لە کاتی کارکردندا گیانیان سپاردووە کە شەشیان بیانی بوون.