لیژنەی ئاسایش و بەرگریی: پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا پێشێلكردنی سەروەری عێراقە

راوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت "توركیا بۆ هێرشەكانی سەر پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەیە، ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیش دەڵێت، لیژنەكەیان بەھیچ شێوەیەك لەلایەن حكوومەتەوە بۆ ئەم مەبەستە ئاگادار نەكراوەتەوە". 

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان بە پێشێلكردنی سەروەری عێراق دەزانێت، لیژنەكەش سەرسووڕمانی خۆی لە بێدەنگیی حكوومەتی عێراق نیشان دەدات و لەبەرامبەردا ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەڵێ، ئۆپەڕاسیۆنەكان بە ھەماھەنگیی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەکرێن".

محەمەد حەسەن ڕازی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لیژنەكەیان نازانێت ئەو هۆیانە چین کە وای کردووە حکوومەتی عێراق بێدەنگ بێت و هیچ هەڵوێستێک بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا نەگرێتەبەر. دەشڵێت، "بەپێی لێدوانەكانی ڕاوێژكارێكی سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەم بێدەنگییە ڕەنگە نیشانەی ڕەزامەندیی حكوومەتی عێراق بێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، یاخود بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد، لیژنەكەیان بە ھیچ شێوەیەك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە ئاگادارنەكراوەتەوە و وێڕای ڕەتكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكە، دووپاتیشی كردەوە، بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقی دەزانن و ھەڵوێستی جددیان دەبێت.

ئەم ھەڵوێستەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەكاتێكدایە، ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندبوو، "پەكەكە كردەوەی تاوانکاری دەکات، بەو هۆیەشەوە حکوومەتی عێراق وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێنی کردووە".

ئاشكراشی كرد، "دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق تۆڕێکی پەیوەندیدار بە پەكەكەی دەستگیر کردووە، كە بەنیازبوون كردەوەی تیرۆریستی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بکەن" دەشڵێت: "ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای تورکیا بە هەماهەنگی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بەڕێوە دەچن".