پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق بووەتە مشتومڕی سەرەکیی شەقامی گشتیی تورکیا

بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا (وێنە - ئەرشیف)
بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا -ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا (وێنە - ئەرشیف)

پەرۆش بوونی ئەنقەرە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لەم دواییانەدا زیادی کردووە و دەزگا هەواڵگرییەکانی هەردوو وڵات بەنهێنی و دوور لە چاوی مێدیاکان کۆدەبنەوە و ئامادەکاری بۆ دیداری لووتکە دەکەن. هاوسەرۆکی دەم پارتیش دەڵێ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای دژایەتیی کوردە.

بۆ ئامادەکردنی دیداری لووتکەی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد. شارەزای سیاسی لە کاروباری سووریا، بڕوای وایە ئامانجەکانی تورکیا لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا فرە ڕەهەندە بەڵام دوو مەبەستی سەرەکی لە پشتەوەیە، یەکێکیان کۆتایی هێنانە بە ئیدارە خۆسەرەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دووەمیشیان چارەکردنی پرسی پەنابەرانی سوورییە لە وڵاتەکە کە بوونەتە سەرچاوەی چەندین کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتیی و ئابووری.

دکتۆر سەمیر عەبدوڵڵا شارەزای سیاسەتی سووریا، دەڵێت "ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەموو کەس و لایەنێک کە پرسی ڕۆژهەڵاتی فورات بەستراوەتەوە بە ئاسایش و سەقامگیریی نیشتمانیی تورکیا. هاوکات، ترسی لەوە هەیە کە بانگەشەی هەڵبژاردن لە کانتۆنەکانی باکووری سووریا ببێتە کردەیی و کاریگەریی لەسەر باکووری کوردستان و دۆخی سیاسیی تورکیا هەبێت. لەلایەکی دیکەشەوە قەیرانی ئابووری بووەتە هۆکارێک تاوەکوو حکوومەتی تورکیا بڕیار بدات دەرگا سنوورییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا هاوبەش بێت نەک لایەنێکی دیکە. جیا لەم دوو پرسە، لە 13 ساڵی ڕابردوو پەنابەرانی سووریایی بوونەتە کۆڵێکی قورس بۆ سەر شانی کۆمەڵگەی تورکیاوە. هەربۆیە ئەنقەرە ترس و نیگەرانییەکی زۆری هەیە کە ئەم دۆخەی هەیە درێژە بکێشێت، ئیتر دەیەوێت هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت و بە جۆرێکی دیکە دەرگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکاتەوە".

خواست و مەرامەکانی تورکیا لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سووریا هەر ئامانجێک بێت، ئەوە هەنگاوەکانی ڕووبەڕووی چەندین گرفت و کێشە دەبێتەوە، چونکە چارەنووسی چەندین ملیۆن پەنابەری سووریایی لە تورکیا و ئاوارەبوونی چەند ملیۆنێکی دیکە هێندە ئاسان نین بەزووی کۆتایی پێ بهێنرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ناتوانایی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان هۆیەکی دیکەی مەترسیدارە بۆ تورکیا .

لەم بارەوە دکتۆر بەدر مستەفا، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە و هزری یارامان دەڵێ "لە هاوکێشەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، ئەوەی ڕوون نەبووەتەوە چارەنووسی هەشت ملیۆن کەسە، کە بەشێکیان چەکدارن، بۆ کوێ دەڕۆن؟ دەچنەوە پاڵ ئەسەد یان دەچنە ڕیزی هێزەکانی دژ بە ئەسەد. ئەمە و چەندین پرسی دیکە لە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان "

لە چەند ساڵی ڕابردوودا تورکیا چەندین جار داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سووریا کردووە، بەڵام هێزەکانی سووریا بۆ جێبەجێکردن و ناچارکردنی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سووریا گفتوگۆکانی ڕاگرت.

هەروەها تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی بڕوای وایە، ئەردۆغان و ئەسەد لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی کورد هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانێتی دەدەن کەچی ئۆزگور ئۆزەل ـیش دەڵێت: نێوەندگیریی دەکات.

لێرەوە لە ئۆزگور ئۆزەل دەپرسم، ئاخۆ دەیەوێت سیاسەتی دژایەتیی کورد ڕێک بخات؟ هەنگاوەکانی ئۆزەل هیچ سوودێکی بۆ خۆی و تەواوی گەلانی تورکیا نییە.

ناکرهات دەڵێ: پێویستە ئۆزگور ئۆزەل بەرگری لە ڕۆژئاوا بکات بۆ ئەوەی بتوانن بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن، ئەگەر مەبەستییەتی نێوەندگیری لە نێوان دوو دوژمنی کورد بکات، ئەم هەڵوێستە لە جەهەپە و خودی ئۆزگور ئۆزەل ناوەشێتەوە.

هاوسەرۆکی دەم پارتی دەشڵێت "دژی بوونی پەیوەندییەکی ئاسایی لە نێوان تورکیا و سووریا نین. بەڵام پێویستە ئەمە پەیوەندییەکی ڕاست بێت و بۆ چارە بێ، نەک بۆ قوڵترکردنەوەی کێشەکان".