ئەحمەد مەزهەر: وه‌زیری دارایی عێراق له‌باره‌ی‌ مووچه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی داوه‌

ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەبارەت بە دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەیان کردووە و دڵنیایی کردوونەتەوە، کە هۆکاری دواکەوتنەکە کێشەی هونەرییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

وەزارەتی دارایی عیراق، 421 ملیار و 760 ملیۆن دیناری وەکو تەواوکاری مووچەی مانگی 6 فەرمانبەران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، جگە لە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.

ئەحمەد مەزهەر، جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ کێشەیەک و لێبڕینێک دەنێردرێت.

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، لەبارەی دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی قسەیان کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە، کە هۆکاری دواکەوتنەکە کێشەی هونەرییە و هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە.

هەولێر و بەغدا، مووچەی فەرمانبەرانیان لە کێشە سیاسییەکان دوورخستووەتەوە و تەنها کێشەی هونەری هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاری زیاتر دەکات لەوانە؛ داتا و کۆد و ناوی دایکی کارمەندانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان، بۆ ئەمەش هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و عێراق لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە.

لای خۆیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرەلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی گوت: سیستەمی بەغدا لەگەڵ هی هەرێمی کوردستان تۆزێک جیاوازە، شاندی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگن کە چیدیکە کێشە لەسەر مووچەی هیزە ئەمنییەکانی هەرێم دروست نەبێت. بۆ لەمەودوا مانگانە بەبێ دوا کەوتن مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

تا ئێستە وەزارەتی دارایی عیراق بە دوو گوژمە، بڕی 653 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 6 فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە لەکاتێکدا بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی هەرێم پێویستی بە زیاتر لە 950 ملیار دینارە.