ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد

K24 - هەولێر:

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر تۆمەتبارێکی بە تۆمەتی کوشتنی ئافرەتێک دەستگیر کرد.

بەرێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تەرمی ئافرەتێک بە کوژراوی  لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر دۆزرایەوە، دەست بەجێ لەلایەن تیمەکانماوە بەدواداچوون کرا و لەماوەیەکی کەم توانرا ناسنامەی بکوژەکە ئاشکرا بکرێت.

ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "قوربانییەکە بڕێک پارەی لای کەسی تاوانبار دانابوو، دوای ئەوەی داوای گەڕاندندەوەی پارەکەی دەکات، تاوانبارەکە دەیکوژێت."

بەڕێوەبەرایتییەکە ئاماژەی بەوە دا، لەدوای کردنی تاوانەکە بەمەبەستی بزرکردنی سەرەداوی تاوانەکە و ئاشکرانەبوونی، تاوانبارەکە ئامێری مۆبایلی ئافره‌ته‌كه‌ی لە شوێنێکی چوڵەوانی لە دەرەوەی شاری هەولێر حەشاردابوو، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی کە بردبووی لە سەربانی ماڵەکەی خۆی له گوندی دارەبەن شاردبوویەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتیان دەکات و گوتی: هاووڵاتییان هەمیشە هاوکار و هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانن لە پێدانی زانیاری.