كوردێكی ڕۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری سووری‌ له‌ بیابانه‌كانی جه‌زائیر له‌ توێنان خنكان

عیسا محه‌ممه‌د ساڵح شاکر
عیسا محه‌ممه‌د ساڵح شاکر

بنەماڵەی ئەو گەنجە کوردەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ بیابانی جەزائیر گیانیان سپارد، پرسه‌ و ماته‌مینی بۆ كوڕه‌كه‌یان ڕاده‌گه‌یه‌نن.

کۆمەڵەی فریاگوزاریی جەزائیر بڵاوی کردووەتەوە، 12 سووری بەهۆی تینوێتی لە بیابانی جەزائیر خنكاون، كه‌ مه‌به‌ستیان بوو له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌ورووپا.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 9ـی ته‌ممووزی 2024، بنەماڵەی عیسا محه‌ممه‌د ساڵح شاکر ئەو گەنجە کوردەی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ڕێگه‌ی په‌ڕینه‌وه‌یان بۆ ئه‌ورووپا له‌گه‌ڵ 12 سووری دیكه‌ له‌ بیابانی جەزائیر گیانیان سپارد، پرسه‌ و ماته‌مینییان بۆ كوڕه‌كه‌یان ڕاگه‌یاند.

کۆمەڵەکە لە شاری تامانگسێتی جەزائیر لیستێکی وردی ناوی قوربانییەکانی بڵاو کردەوە، لەگەڵ بەرواری لەدایکبوون و ناوی باوک و دایکییان. ئاماژەی بەوەش کردووە، ته‌رمی قوربانییەکان لە ناوچەی بێلڤور ده‌رهێنراون.

زانیارییەکان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، قوربانییەکان هەموویان نێر بوونه‌ كه‌ منداڵیشیان له‌گه‌ڵدا بووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نووسیانی جه‌زائیر وێنه‌ی پاسپۆرتی منداڵێكی ته‌مه‌ن 10 ساڵیان به‌ ناوی مونزیر محه‌ممه‌د بڵاو كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ قوربانییه‌كان و له‌دایكبوونی ساڵی 2014ـه‌.

هه‌روه‌ها زانیارییه‌كان تیشك ڕوونی ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌شێك له‌ قوربانییه‌كان گه‌نجن و ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 2003 بۆ 2008 دایه‌.