ژمارەی دڵخوازی خۆتان لە هاتوچۆی هەڵەبجە بکڕن

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی دەیانەوێت ژمارەی دڵخوازی خۆیان بکڕن، لە سبەیەوە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
سێشەممە 9ـی تەممووزی 2024، بەشی تۆماری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بڵاو کردووەتەوە، ئاگاداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، دوای ڕەزامەندیی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە لە 10/7/2024تابەرواری 18/7/20124ڕۆژانە لەکاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی تا کاتژمێر 1 ی پاش نیوەڕۆ دەست بەناوتۆمارکردن دەکات بۆ ئەوکەسانەی خوازیارن ژمارەی دڵخواز بکڕن بەپێی ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2022.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ بکڕینی ئەو ژمارە دڵخوازە، هاووڵاتی پێویستە خۆی لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئامادەبێت و کارتی نیشتمانی یان ناسنامەی باری شارستانیی و ڕەگەزنامەی پێ بێت.
هاوکات، ئەوکەسەی خوازیاری ناو تۆمارکردنە، پێشتر ژمارەی دڵخوازی بۆ دەرنەچووبێت بەناوی خۆی یان لەسەر ژمارە تەلەفونەکەی.
دەشڵێت: هەموو ئەوناوانەی لەوماوەی دیاریکراوی سەرەوەدا تۆمار دەکرێن، هیچ جیاوازیەکی نیە لەوەی یەکەم ڕۆژ یان کۆتا ڕۆژی ماوەی دیاریکراو ناوی تۆمارکردبێت، هەموو ناوەکان بەیەکەوە دەچنە نێو سیستەم و دەتوانن ڕکابەری بکەن لەسەر ژمارەی دڵخوازی خۆیان .