حووسییەکان: کەشتییەکی دانیمارکیمان کردە ئامانج

حووسییەکانی یەمەن ڕایگەیاند کە بە چەند مووشەکێکی بالیستی کەشتیی "سێنتۆسا"ـی دانیمارکی سەر بە کۆمپانیای مایرسکیان لە دەریای عەرەبی کردۆتە ئامانج.
حووسییەکان ئاماژەشیان بەوە کرد، جگە لە کەشتیی "سێنتۆسا"، دوو کەشتی دیکەش کراونەتە ئامانج کە یەکێکیان لە کەنداوی عەدەندایە.
کۆمپانیای نێودەوڵەتی کەشتیوانی "مایرسک" ڕایگەیاند کە کەشتی "سێنتۆسا" لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە دووری کەنداوی عەدەن لە دەریای عەرەبی لە باشووری یەمەن هێرشی کراوەتە سەر.
لای خۆیەوە کەشتی سێنتۆسا ڕاپۆرتی خۆی ناردووە بۆ کۆمپانیاکە و ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بووە لە دووری باکووری کەنداوی عەدەن، هیچ زیانێکی گیانی بەر تیمی کەشتیوانان و کەشتییەکە نەکەوتووە.
گوتەبێژی کۆمپانیا دانیمارکییەکە ڕایگەیاند، کەشتییەکە یەکێکە لەو کەشتیانەی کە ئاڵای ئەمەریکای لەسەرە، بەبێ وردەکاری زیاتر.
پێشتر دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا ڕایگەیاندبوو، کاپتنی کەشتییەکی بازرگانی بڵاوی کردەوە کە تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەک ڕوویداوە، نزیکەی 180 میل دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوچەی نیشتون لە کەناراوەکانی پارێزگای مەهرە دوورە.
ڕوونیشی کردەوە کە کەشتییەکە و تیمەکەی باشن، و بەرەو بەندەری داهاتووی گەشتەکە دەڕوات، ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.