پۆلیسی ئیسرائیل: دوو کەس لە جۆلانی سووریا کوژران

پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی مووشەکیەوە کە لە لوبنان ئاڕاستەیان کرابوو، دوو کەس لە جۆلانی سووریا کوژراون.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکی حزبوڵڵای لوبنانی لە سووریا بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە دووکەس کوژران.
سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبوڵڵای لوبنانی ڕایگەیاند، یەکێک لەو دوو کەسەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژراون، پێشتر وەک پاسەوانی حەسەن نەسروڵڵا سکرتێری گشتی حزبوڵڵا کاری کردووە.
حایم بیتۆن، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی جۆلان ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییە، ئافرەتێک و پیاوێک دەستبەجێ کوژراون" دوای ئەوەی ڕاستەوخۆ مووشەک بەر ئۆتۆمبێلەکەیان کەوتووە.
لای خۆیەوە حزبوڵڵای لوبنانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە "بارەگاکانی فیرقەی 210ـی جۆلان لە بنکەی نەفح بە دەیان مووشەکی کاتیۆشا بۆردومان کردووە، ئەمەش لە وەڵامی ئەو هێرشە بووە کە ئیسرائیل لەسەر ڕێگای دیمەشق - بەیروت ئەنجامیداوە.
بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕامی عەبدولڕەحمان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "لە ئەنجامی بۆردومانێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی حزبوڵڵا لە ناوچەی جدیدە یابوس" لانیکەم دوو کەس کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بووە لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی لوبنان.