ناتۆ یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە

ناتۆ
ناتۆ

ناتۆ یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، سەرکردەی هەر 32 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە و سەرکردەی چەند وڵاتێکی دیکەش لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمەریکا بەشداری لە لووتەکە دا دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی جیهان دەکەن.

چەندان ئاڵنگاری لە نێوخۆ و دەرەوەدا ڕووبەڕووی ناتۆ بوونەتەوە، سەرکردەکان هەوڵدەدەن گەنگەشەیان بکەن و تیشکیان بخەنە سەر.

 لە 37ەمین لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە واشنتن لە کاتێکدایە چەندین ئاڵنگاری نێوەخۆیی و دەرەکی بەرۆکی هاوپەیمانێتییەکەی گرتووە. یەکێک لە ئاڵنگارییە هەرە سەرەکییەکانی بەردەم ناتۆ وەک بەهێزترین هاوپەیمانی سەربازی، گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە.

ترەمپ پێشتر چەندان جار هەڕەشەی لە ئەندامانی ناتۆ کردووە، هانی ڕووسیا دەدات هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتانەی بودجەی پێویست بۆ بەرگری ناتۆ دابین ناکەن.

مەترسییەکی دیکەی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، وەستاندنی هاوکارییەکانە بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا هاوپەیمانێتییەکە بەردەوام هاوکاری سەربازی و دارایی پێشکەشی ئۆکرانیا کردووە لە جەنگی دژی ڕووسیا.

ترەمپ بەربەستی ڕژدیش لەبەردەم ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ دروست دەکات، کە هاوپەیمانێتییەکە چەندان جار هەوڵیداوە یارمەتی ئۆکرانیا بدات بۆ ئەوەی وەک ئەندامێکی فەرمی بێتە نێو ناتۆ. 32 وڵاتە ئەندامەکەی ناتۆ لە نێوخۆشیاندا چەند ئالنگاری و بەربەستێکیان هەیە، یەکێک لەوانە سێ یەکی وڵاتانی ئەندام تا ئێستە نەیانتوانیوە پابەندبن بە دابینکردنی 2.5ی داهاتی ناوخۆیان بۆ بەرگری ناتۆ.

ئەمە جگە لە هاتنە پێشەوەی پارتە ڕاستڕەوەکان لە بەشێکی وڵاتانی ئەوروپا، کە ئەو حزبانە بە جۆرێک لە جۆرەکان هاوڕانین لەگەڵ دابینکردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی کراوە بۆ ئۆکرانیا و لانی کەم پشتیوانی لە دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ پوتن دەکەن.

یەکێکی دیکە لە مەترسییەکان، هەڕەشەکانی ڕووسیایە بۆ سەر ئەو ئەندامانەی ناتۆ، کە لە ڕووی جوگرافییەوە لە ڕووسیا نزیکن، بە تایبەت لە ئەگەری شکستهێنانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا.

هاوکات لەم لووتکەیەی ناتۆدا، گفتوگۆی چڕ لەبارەی هەژموون و مەترسییەکانی چین لە ڕووی ئابووری، بازرگانی، سەربازی و زیرەکی دەستکرد دەکرێت.