هاوسەرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی توممووزی 2024، ڕایگەیاند دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاوسەری ئەمیری پێشووی ڕێکخراوی داعش، ئەبوبەکر بەغدادی دەرکردووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق، هاوسەرەکەی ئەبوبەکر بەغدادی (ئەسماء محەممەد) بە تاوانی کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوی داعش و ڕفاندنی کچان و ئافرەتانی ئێزدی لە شنگالی سنووری پارێزگای نەینەوا و دەست بەسەرکردن و ئەشکەنجەدانیان لە ماڵەکەیدا، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە.
هەروەها ئاماژەیداوە بڕیارەکە دادگا لە سەر بنەمای ماددەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ژمارە 13ی دەرچوو لە ساڵی 2005 و گەڕانەوە و پشت بەستن بە بڕگەی یەک لە ماددەی حەوت لە یاسای ڕزگاربووانی ئێزدی ژمارە 8ی دەرچوو لە ساڵی 2021 سزای لەسێدارە دانەکە بۆ دەکراوە.
ئەسما محەممەد هاوسەری یەکەمی بەغدادی بووە و نازناوی "دایکی ئیمانداران" و "شاژنی داعش" لێنراوە و لە چاوپێکەوتنەکانیدا لەگەڵ کەناڵەکانی عەرەبییە و حەدەس باسی لە ژیانی خۆیی و بەغدادی کردووە و دانیناوە بەوەی سەرەتا کاریگەربووە بە ڕەوتی ئیخوانەکان و دواتر لە بەرەی نووسڕە هەڵگەڕاوەتەوە و چووەتە نێو ڕێکخراوی داعش، چەند ئەرکێکی سەرکردایەتی پێسپێردراوە.
هەر لە بارەی ئەو تاوانانەی هاوسەرەکەی بەغدادی کردوونی، ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری عێراق لە 21ی شوباتی ئەمساڵ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەسما محەممەد هاوسەری بەغدادی لە چەندین کردەوەی دژ بە ئافرەتانی ئێزدی تێوەگلاوە و ڕۆڵی هەبووە، ڕفاندن و بازرگانیکردن بە کچان و ئافرەتانی ئێزدی و ئەشکەنجەدانیان.
هەروەها ئاماژەیدا، هاوسەرەکەی بەغدادی بەرپرسیاربووە لە هەڵبژاردنی کچانی شەش بۆ حەوت ساڵ بۆ بەغدادی تاوەکوو دەستدرێژیان بکاتە سەر و پاشان بە چەکدارانی فرۆشتوونەتەوە، هەربۆیە لەسەر ئەو تاوانانە لە دادگاکانی عێراق و دادگا نێودەوڵەتییەکان داوای یاسایی لەسەر ئەسمای محەممەد و ئەندامەکانی دیکەی خێزانەکەی بەغدادی تۆمار دەکەن.
حکوومەتی تورکیا لە تشرینی دووەمی 2019 ئاشکرای کرد، لە شاری هاتای نزیک سنووری سووریا ئەسما فەوزی محەممەد کوبەیسی هاوسەری یەکەمی بەغدادیان لەگەڵ کچێکی دەستگیرکردووە.
