تورکیا.. بەهۆی دزەپێکردنی داتاکانیان، پەنابەرانی سووریا ژیانیان کەوتووەتە مەترسیی

قورسە کاتیێکی دیاریکراو بۆ ئەو پێشهاتە یەک لە دوای یەکانە دابنرێت کە بووەتە هۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سووریا لە تورکیا، لەم ڕووداوانەدا پێگەی سوورییەکان دەگۆڕێت لە نێوان بوون بە قوربانی شەپۆلی ڕەگەزپەرستی لە تورکیا و قوربانیی پەراوێزخستن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای قەیسەری تورکیا ڕووداوێکی تراژیدی ڕوویدا، ئەویش دەستدرێژی کردنە سەر منداڵێکی پێنج ساڵان بوو لەلایەن پەنابەرێکی سووری، کە ئەو ڕووداوە تورکەکانی توڕە کرد و بووە هۆیە ئەوەی موڵک و ماڵی سووریرکان بسووتێنن و پشێوییەکی زۆر دروست بوو، لەبەرامبەر ئەو کارەی تورکەکان، لە باکووری سووریا خۆپیشاندان دژی ئەو کارەی تورکەکان بەڕێوەچوو.

مەترسی دزەکردنی داتاکان

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاڵۆزییەکانی دوای ڕووداوەکەی قەیسەری کەم بووەوە، بەڵام هەندێک ڕووداوی تاکەکەسی وەک هێرشکردن لە چێشتخانە یان پارکی گشتی هەبوو، هەروەها لە ڕێگەی پلاتفۆرمی تێلێگرام  هەندێک داتا بە ناوی "ڕاپەڕینی تورکیا"، دزەی پێکرا کە داتاکان زانیاری هەستیاریان لەخۆگرتبوو، وەک ژمارەی سوورییەکان، ناوی باوک و دایک، شوێن و بەرواری لەدایکبوون، ناونیشانی نیشتەجێبوون و ژمارەی تەلەفۆن، دزەپێکردنی ئەو زانیارییانە فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر سوورییەکان، چونکە سەلامەتی ئەوان دەخاتە مەترسییەوە.

وەزارەتی کۆچبەرانی تورکیا ڕایگەیاند، "ئەو زانیاریانەی لە داتاکاندا هاتووە تاڕادەیەک کۆنن، دواتر کەناڵەکەی لە تێلێگرام سڕییەوە، لە کاتێکدا وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، ئەو کەسەی بەرپرسیارە لە دزەپێکردنی ئەو زانیارییە منداڵێکی تەمەن 14 ساڵە، هەموو ئەو کەسانەی هەوڵی ئاژاوەگێڕی دەدەن دەستگیر دەکرێن".

 پەنابەرانی سووریا لە تورکیا

شەوێکی ترسناک لە قەیسەری

پێش ڕووداوی دزەپێکردنی داتاکان، ئەوە پریشکە بوو کە بەهێزترین شەپۆلی توندوتیژی دژی پەنابەرانی سووریای لە تورکیا دەستی پێ کرد، هەروەها کاردانەوەی دواتری سووریا بەرامبەر بە هێما و دامەزراوەکانی تورکیا لە باکووری سووریا، کە بووە هۆی پێکدادانی ڕاستەوخۆ و کوژرانی 11 سووری بە دەستی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکانی باکووری سووریا.

ئەو ئاڵۆزییانە وایکردووە، سەدان هەزار پەنابەری سووری لە ماڵەکانیان بمێننەوە، پشت بە خزمەتگوزاری گەیاندن ببەستن 'دلیڤەری' هەروەها لە کاتی پێویستدا بە زمانی تورکی قسە بکەن، یانیش  بەهیچ شێوەیەک لە شەقامەکان قسە ناکەن.

سەبارەت بە وانەی خاوەنی ئۆتۆمبێلی تایبەت بوون و ناچاربوون لەم ماوەیەدا گواستنەوە گشتی بەکار بهێنن، چونکە ئۆتۆمبێلی بیانییەکان لە تورکیا بە پیتی "م یان م.پ" دەست پێ دەکات و بەم پێیەش دەتوانرێت بە ئاسانی لە شەقامەکاندا جیا بکرێتەوە.

هاندانی ڕێکخراو

ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق"ـی تورکی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی بەشداربوون لە توندوتیژی دژ بە سوورییەکان لە ڕێگەی چوار گروپی 'واتس ئاپ'ەوە پەیوەندییان هەبووە کە پێشتر بۆ خۆدزینەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی پۆلیس بەکاردەهێنرا و هەر یەکێکیان نزیکەی 500 کەسیان لەخۆگرتبوو.

هەروەها ئەم گرووپانە لەناکاو کەوتنە هاندان دژی سوورییەکان و هاوبەشی هەڵوێستەکانیان و پلاندانان و ڕێکخستنی هێرش بۆ سەر ئەوان و بژێوی ژیانیان دانا.

ڕۆژێک دوای ڕووداوەکانی قەیسەری، عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی هەزار و 65 کەس لە سەرتاسەری وڵات و زیندانیکردنی 28 کەسیان ڕاگەیاند، هەروەها فەرمانی سەپاندنی کۆنترۆڵی دادوەری بەسەر 187 کەسدا بڵاوکردەوە،  ڕوونیشیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا تەنها لە پارێزگای قەیسەری 855 کەسیان دەستگیرکردووە کە 468 کەسیان پێشینەی تاوانیان هەیە.

محەممەد ستوف، پارێزەر و چالاکی مەدەنی سووری دەڵێت، ئەم دەستبەسەرکراوانە بەرپرسن لە هێرشە ڕێکخراوەکان و شێوازی کارکردنیان. هەروەها تورکەکان سوورییەکان تاوانبار دەکەن و بە بەرپرسیاریان دەزانن لە تێکچوونی بارودۆخی ژیان لەم ساڵانەی دواییدا.

خۆپیشاندانی سووریەکان لە دژی تورکەکان
خۆپیشاندانی سووریەکان لە دژی تورکەکان

کێ تێچووی پەنابەران دەدات؟

بەگوێرەی داتاکانی دەزگای کۆچبەری تورکیا، 3 ملیۆن و 114 هەزار و 99 سووری لە تورکیا هەن کە کارتی پاراستنی کاتییان هەیە، بە بەراورد بە 1,125,623 کەس کە مۆڵەتی مانەوەیان هەیە لە شوێنی نیشتەجێبوونی گەشتیاری تا مۆڵەتی کارکردن ئەمە بێ گومان ژمارەیەکی زۆر گەورەیە.

توێژەری ئابووری و مامۆستای زانکۆی لۆزان، جۆزێف زاهیر، بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی ڕاگەیاند، بەپێچەوانەوە پەنابەرانی سووریا بەشدارییان کردووە لە دابینکردنی هێزی کاری هەرزان بۆ بازاڕی کاری تورکیا، لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و خزمەتگوزاریدا. کە بووە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە و قازانجی زیاتر بۆ بازرگانانی تورکیا.

دەشڵێ: "پەنابەران نەبوونەتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاریی گشتی یان برسیکردنی تورکەکان، وەک زۆرێک لە سیاسییەکانی تورکیا کە مەیلی ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستییان هەیە بانگەشەی بۆ دەکەن".

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ماڵپەڕی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ پەنابەران بڵاوکراونەتەوە، کۆی ئەو هاوکارییەی یەکێتی ئەوروپا کە لە ساڵی 2011ەوە بۆ تورکیای تەرخانکردووە، گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار یۆرۆ. کە شەش ملیار یۆرۆ لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2019، 535 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی 2020، هەروەها سێ ملیار یۆرۆ وەک بودجەی زیادە بۆ ماوەی نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023.

گەڕانەوەی خۆبەخشانە و دیپۆرتکردنەوەی سیستماتیکی

لە چەند ساڵی ڕابردوودا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و تەنانەت حکوومەتی تورکیاش بە بزووتنەوە پۆپۆلیستییە جۆراوجۆرەکانییەوە گوتار و زمان و سیاسەتێکی توندتریان لە دژی پەنابەرانی سووری گرتەبەر، کە لەگەڵ ئەوەشدا تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی نیو ملیۆن پەنابەر گەڕێنرانەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندایە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.

 ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی دیپۆرتکردنەوەی سیستماتیکی بە ناوی "گەڕانەوەی خۆبەخشانە"، بەڵام ڕازیکردن و زۆرەملێکردن، گۆشەگیری و هەراسانکردن و لەناکاو تێکەڵ دەکات هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە یاساکانی پاراستنی کاتی پێشێل دەکەن.

ناڕەزایەتییەکانی باکوور و خاڵەکانی پەڕینەوە

لەناو ئەو گرژ و دڵەڕاوکێیەی کە سوورییەکان لە تورکیادا تووشی دەبن، باس لە هەوڵێکی نوێی لێکنزیکبوونەوە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، بە دەستپێشخەرییەکی عێراق و ڕووسیا، ترس و قسە و باسێکی زیاتر کردووە، بەتایبەتی لە باکووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە.

خۆپیشاندانی بەرفراوان لە لادێکانی باکووری حەلەب سەریهەڵدا و بوونی تورکیایان ئیدانە کرد، لە ئەنجامی پابەندنەبوونی بە ڕۆڵی خۆی وەک گەرەنتیکاری ئۆپۆزسیۆن لە ڕێککەوتنی ئاستانە، و تۆمەتبارکردنی بە وازهێنان لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن لە باکووری ڕۆژئاوا لە بەرژەوەندیی ڕژێمی ئەسەد.

Fly Erbil Advertisment