بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا 15 شوێنی گەشتیاری لە ئاکرێ چۆڵکراون

چەکدارانی پەکەکە دەیان ساڵە بوونەتە ڕێگر لە ئاوەدانکردنەوەی دەیان گوند لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ و زیان گەیاندن بە گیان و موڵک و ماڵی گوندنشینان و چۆڵکرنی هاوینەوارەکان و بێکارکردنی هاووڵاتییان.
بوونی چەکدارانی پەکەکە بووەتە پاساوێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا و لەشکرکێشی بۆ چەند ناوچەیەکی سنووری هەرێمی کوردستان، بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی دەڤەری ئاکرێ ناوێرن بچنە سەر موڵک و شوێنی کارەکانیان بەمەش هەم کەسانی خاوەنی شوێنە گەشتیارەیەکان زیانمەند بوون هەم بووەتە هۆکاری لە دەستچوونی چەندین دەرفەتی کارکردن.
خاوەنی موڵک و شوێنە گەشتیارییەکان ناڕەزایی دەردەبڕن کە بەهۆی ئەم شەڕ و دۆخەی ئاڵۆزەی چەکدارانی پەکەکە لەو سنوورە دروستیان کردووە، زیانێکی زۆریان بە خەڵک گەیاندووە.
حسێن عەلی خاوەنی یەکێکە لەو موڵکانەی دەکەوێتە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئاکرێ، دەڵێ "ئەو شەڕ و پێکدادانەی بەهۆی پەکەکەوە لە ناوچە هەیە و بووەتە هۆی داخرانی چەندین شوێنی گەشتیاری و کاریگەرییە کردووەتە سەر کەمبوونەوەی چەندین هەلی کارکردن لە ناوچەکە".
هاووڵاتییەکی خەڵکی سنووری ئاکرێ بەناوی عامر مووسا دەڵێ "شەڕی پەکەکە کاریگەرییەکی زۆر و خراپی کردووەتە سەر کەرتی گەشتوگوزاری سنوورەکە و وایکردووە خەڵکێکی زۆر بێکاربن، جیا لە کەرتی گەشتیاری، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی مەڕداریش ناتوانن ئاژەڵەکانیان بۆ لەوەڕاندن ببەنە ئەو کەژوکێوە یان دەوروبەری گوندەکانیان"
بەگوێرەی ئامارەکانی گەشتوگوزاری ئاکرێ، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی پەکەکە و تورکیا، 15 شوێنی گەشتیاری و هاوینەهەوار چۆڵکراون.
لەمبارەوە ڤەهێل فەهمی گوتەبێژی گەشتوگوزاری ئاکرێ دەڵێ "بە دڵنیاییەوە شەڕی پەکەکە و سوپای تورکیا زەرەر و زیانێکی زۆریان بە کەرتی گەشتوگوزاری ناوچەکە گەیاندووە و ئەگەر ئەو شەڕ و پێکدادانە نەبووایە، گەشتوگوزاری ئاکرێ بوژانەوەی زیاتری بەخۆوە دەبینی".
زۆرینەی ئەو شوێنە گەشتیاریی و هاوینەهەوارانەی لە سنووری ئاکرێ چۆڵکراون دەکەونە سنووری شارەدێی دینارتە، کە سروشتەکەی بە چیای سەر سەوز و ڕووبار و کانی دەوڵەمەندە و چەندین دۆنم باخی میوەی گوندنشینانی سنوورکەش دەستیان لێبەردراوە.