سندوقێک بۆ پاڵپشتیکردنی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان دروست کرا

بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، ئامانجی دروستکردنی سندوقی چاودێری و شیاندنی کۆمەڵایەتی پێشکەشکردنی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایانە

زەکیە سەید صاڵح، بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پابەندین بەجێ بەجێکردنی یاسای ژمارە 22ـی ساڵی 2011 کە تایبەتە بە ماف و ئیمتیازاتی خاوەن پیداویستی تایبەت و کورتە باڵایان.

گوتیشی: لە ماددەی 4ـی ئەو یاسایەدا هاتووە، کە پێویستە سندوقێک هەبێت بۆ شیاندن و چاودێری کردنی خاوەن پێداویستی تایبەت، دەشڵێ: خۆشبەختانە ئێمە لەم کابینەیەدا توانیومانە پەیرەوێک بۆ ئەم سندوقە ئامادە بکەین کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە، هەروەها ڕێنماییشمان بۆ ئەو سندوقە دەرکردووە.

زەکیە ڕاشیگەیاند، ئامانجی ئەو سندوقە پێشکەشکردنی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایانە، لەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی دارایی و تەندروستی و کۆمەڵایەتی تەرفیگی بێت بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتەکان.

بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: سەبارەت بەوە، ئێمە هەژمارێکمان لە بانکی فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بە ژمارەی '472' بۆ ئەوەی بەشێک لە بودجەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بچێتە ناو ئەو سندوقە، هەروەها ئەوکەسانەش کە وەسیەت دەکەن یان پارەی خۆیان دەبەخشن، بچێتە ناو سندوقەکە بۆ ئەوەی پاڵپشتی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵاکانی پێ بکرێت.

 

Fly Erbil Advertisment