ڕاگرتنی هاوکارییەکان نزیکە کەرتی تەندورستی سووریا پەکبخات

دژی کەمکردنەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، کارمەندانی کەرتی تەندروستی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی و هۆشداری دەدەن بەهۆی کەمکردنەوەی یارمەتییەکان ژیانی دەیان هەزار نەخۆش لە مەترسیدایە.

فاتیمە نەجم پزیشک دەڵێ " کارمەندانی کەرتی تەندروستی دژی کەمکردنەوە و ڕاگرتنی هاوکارییەکان گردبووینەتەوە، لە کاتێکدا ناوەندە تەندروستییەکان یارمەتییەکی زۆری پزیشکی پێشکەشی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان دەکەین، کە بەشی هەر زۆریان ئاوارەکانن، هەربۆیە ڕاگرتنی هاوکارییەکان کارەساتێکی گەورەیەی بەداوە دەبێت و دوور نییە ببێتە هۆکاری مردنی نەخۆشەکانی ناوچەکە."

ساڵێک لەمەوبەر، نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییە پزیشکییەکانی بۆ باکووری سووریا کەمکردەوە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ناوەندە تەندروستییەکان لە پارێزگای ئیدلیب پەکیان بکەوێت و دابخرێن.

سروور شێخنەجیب بەڕێوەبەری نەخۆشخانە دەڵێ "لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیکەی 70%ی ناوەندە پزیشکییەکان لە باکووری سووریا پەکیان بکەوێت و لە هەموو بەشەکانیدا بە گوێرەی پێویست کار نەکەن و نەتوانین چارەسەری هەموو نەخۆشەکان بکەین."

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئیدلیب، تا کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەی ئەو ناوەنە تەندروستییانەی لە کارکردن کەوتوون و ناتوانن هیچ خزمەتگوازییەک پێشکەشی نەخۆش کەسانی هەژارو کەمدەرامەت بکەن بگاتە%95.

لە مانگی پێنجی ساڵی ڕابردوودا، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی هۆشداریداوە، ئەگەر هاوکارییە پزیشکییەکان نەگەڕێندرێنەوە و زیاد نەکرێت، ئەوە 160 بنکەی تەندروستی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا دادەخرێن.