ناتانیاهۆ لە ترسی دەستگیرکردنی، گەشتەکانی ئەورووپای هەڵوەشاندەوە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ترسی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی بەپێی نوسراوی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری دا سەردانەکەی بۆ چیک و هەنگاریا هەڵبوەشێنێتەوە.
دەزگای پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاری دا، لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ئەورووپا نەوەستێت، ئەوەش لە ترسی فەرمانی دەستگیرکردنی کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە دژی دراوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ناتانیاهۆ "بیری کردەوە و پاشان بڕیاری دا" سەردانی کۆماری چیک و هەنگاریا نەکات، چونکە ئەو وڵاتانە پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەو یاداشتەی کە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەرچووە.
بەگوێرەی ئەوەی دەزگای پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، وەستان لە ئەورووپا پێویست بووە، چونکە فڕۆکەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەگەر بارێکی تەواو لە سەرنشینەکانی هەڵگرتبێت، ناتوانێت بەسەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسیدا بفڕێت، ئەمەش ناچاری دەکات بە فڕۆکەیەکەوە بەرەو واشنتۆن بڕوات.
فڕۆکەکەی ناتانیاهۆ 60 سەرنیشین هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت گەشتێکی ڕاستەوخۆ لە تەلئەڤیڤەوە بۆ واشنتۆن بکات، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ستافەکەی بە گەشتە ئاساییەکان گەشت بکەن.
کەریم خان، داواکاری گشتیی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە لاهای داوای لە دادگا کردبوو کە فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی ناتانیاهۆ و یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری دەرب کات، بە تۆمەتی تاوانی جەنگ کە "جینۆساید و بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکی شەڕ بەکار هێنراوە، هەروەها بێبەشکردن لە پێداویستییە فریاگوزارییە مرۆییەکان، و بە ئەنقەست بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ململانێکەدا".
هەروەها خان هەوڵ دەدات فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنیە، یەحیا سینوار و محەمەد زەیف دەربکات، بە تۆمەتی کردنی تاوانی جەنگ.
هێشتا فەرمانی دەستگیرکردن دەرنەچووە، بەڵام ئەگەر دادگا فەرمانی لەو شێوەیە دەربکات، هەر 123 وڵاتی ئەندام پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەستگیرکردنی داواکراوەکان کاتێک دەچنە ناو خاکەکەیانەوە.
بڕیارە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتۆن بکات و لە 24ـی تەمموز لەبەردەم کۆنگرێس وتارێک پێشکەش بکات.