پۆلین فڕێنسڵ: هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر باش خزمەتی بە پەنابەران کردووە
نوێنەری کۆمیسیاری باڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق بە وەکالەت ڕایگەیاند، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کە هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر، بۆ پەنابەرەکان و خزمەتێکی باشی کردوون بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارامیان هەبێت.
چوارشەممە، 10ـی تەمموزی 2024، پۆلین فرێنسڵ، نوێنەری کۆمیسیاری باڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق بە وەکالەت، لە ڕێوڕەسمی راگەیاندنی ڕێنمایی بۆ کاروباری پەناخوازان، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمەریکا، لە 2020 لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکیان ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی پرسی پەنابەران ڕێک بخرێتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەیەکی یاسایی لەگەڵ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بوو. ئەمڕۆ دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ئەنجامی چوارساڵ کاری پێکەوەیی لەگەڵ ئەمەریکا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو کارە یاسایییانەی هەیە جێبەجێ بکرێن.
نوێنەری کۆمیسیاران دەڵێت، "ئەم ڕێوڕەسمە، بۆ ئەوەیە هەموو ئەو کارانەی هەن بۆ پەناخوازان جێبەجێ بکرێن؛ یەکێکیش لە کارەکانی ئێمە ئەوەی بەڵگەنامە بکرێت بۆ پەناخوازان و پارێزگارییان لێ بکرێت و شوێنی گونجاویان بۆ بڕەخسێنن تاکو بە شکۆوە دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ژیانێکی ئارامیان هەبێت".
پۆلین دەشڵێت: "ئەم دەستکەوتە و کارێکی زۆر باشە، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، هەموو کارێکی پێویست بۆ پەنابەران بکرێت بە گوێرەی یاسا نێودەولەتییەکان بۆ مافی مرۆڤ. گرەنتی ئەوەش کراوە نابێت هیچ کەسێک فشاری لێ بکرێت و سزا بدرێت بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە شوێنی خۆی".
هەروەها پۆلین گوتیشی، "ئەوە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، کە هەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتەبەر بۆ پەنابەرەکان و خزمەتێکی باشی کردوون بۆ ئەوەی ژیانێکی ئارامیان هەبێت".
لە هەرێمی کوردستان 900 هەزار و 467 ئاوارە و پەنابەر لە نێو و دەرەوەی کەمپەکان دەژین. لەو ژمارەیە، 269 هەزار و 293 یان پەنابەرن و لە وڵاتانی دیکەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. لەوانەش 251 هەزار و 475 پەنابەری سووریایین، 7 هەزار و 796 پەنابەری تورک، 8 هەزار و 357 پەنابەر ئێرانی و 652 پەنابەریش فەڵەستینین. جیا لەوەش 10 هەزار و 13 پەنابەری وڵاتانی دیکەی جیاواز هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2023، دوو هەزار و 97 پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان، لە کاتێکدا سێ هەزار و 389 پەنابەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
حکوومەتی هەرێمی کورستان هەمیشە دەرگاکانی بۆ پێشوازیی لە پەنابەران واڵابووە و خزمەتگوزاری جۆراو جۆری پێشکەشکردوون، بە جۆرێک لەسەدا 80ی خەرجی ئاوارە و پەنابەران لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمە، کە دەکاتە نزیکەی 842 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی خوێندن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 53 قوتابخانەی بۆ پەنابەران تەرخان کردووە. ژمارەی قوتابییە ئاوارە و پەنابەرەکان لە هەرێمی کوردستان 40 هەزار و 410 قوتابییە.