(CIA) بەڵگە نھێنییەكانی سەردەمی نیكسۆن و فۆرد بڵاو دەكاتەوە
ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیەت لەسەر لێواری شەڕی ئەتۆمی بوون

ئاژانسی ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریكا (CIA) دوای تێپەڕینی 50 ساڵ بەسەریاندا، 28 ھەزار بەڵگە بڵاو دەكاتەوە، كە تایبەتن بە وردەكارییە ئەمنییە تایبەتییەكانی سەردەمی ھەردوو سەرۆكی ئەمریكا، ریچارد نیكسۆن و جیڕاڵد فۆڕد، پەیوەست بە ھەڵسەنگاندنەكانی ئەمریكا بۆ شەڕی 1973ی نێوان سووریا و میسر و ئیسرائیل.
بە گوێرەی بەڵگەنامەكان، لە رۆژانی كۆتایی شەڕەكەی نێوان ئەم سێ دەوڵەتەدا، زۆری نەمابووە ھەردوو زلھێزی ئەوكاتی دونیا (ئەمریكا و یەكێتیی سۆڤیێتی پێشوو) بە چەك رووبەڕووی یەكتری ببنەوە و لەسەر لێواری شەڕێكی ئەتۆمی بوون.
لە بەڵگەنامەكاندا ھاتووە، لە كۆتایی تشرینی یەكەمی 1973 ئەمریكا مەترسیی ئەوەی ھەبووە بۆ رزگاركردنی سوپای سێیەمی میسر كە لە نزیك سوێس لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆ درابوو، یەكێتیی سۆڤیەت پەنا بۆ دەستێوەردانی سەربازی ببات. بۆیە ئیدارەی ریچارد نیكسۆن، بە پێشنیاری ھینری كیسنجەر، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا، حاڵەتی ئامادەباشی سەربازی لەسەرتاسەری دونیا راگەیاند و حاڵەتی ئامادەباشییەكە گەیشتە ئاستی " دیفكۆن III"، كە دوای قەیرانی مووشەكە كوبییەكان لە ساڵی 1962، لەو كاتدا بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی سەربازی بوو، ئەمریكا رایگەیاند.
بە گوێرەی بەڵگەنامەكانی (CIA)، ئەوەی وای لە ئەمریكا كرد دەست بە جووڵە بكات و ئامادەباشییەكە رابگەیەنێت، ئەوە بوو كە ھەوڵگریی ئەمریكا جگە لەوەی زانیاریی ئەوەی ھەبووە دوو كەشتیی سەربازی سۆڤیێتی لە نزیك میسر سەربازیان داگرتووە، ھاوكات زانیاریی ئەوەیشی ھەبووە، كەشتیێكی سەربازیی سۆڤیێتی، كە چەكی ئەتۆمی ھەڵگرتبووە، بە ئاراستەی میسر رۆیشتتووە.
بەڵگەكان باس لەوە دەكەن دەزگا ھەواڵگرییەكانی ئەمریكا لە واشنتۆن پێشبینیی ئەوەیان نەكردووە میسر و سووریا ھێرش بكەنە سەر ئیسرائیل. لەم رووەوە، لە یەكێك لە بەڵگەكانی تایبەت بە رووداوەكانی رۆژێك پێش ھێرشەكەی ئەو دوو وڵاتە عەرەبییە (5ی تشرینی یەكەمی 1973) بۆ ئیسرائیلدا ھاتووە " ئەو مەشقە سەربازییانەی ھەنووكە میسر ئەنجامیان دەدات، بەراورد بە پێشتر، بە قەبارەیەكی گەورەتر و زۆر واقیعی ترن، بەڵام ئیسرائیلییەكان ھەست بە شڵەژان و دڵەراوكێ ناكەن".