شێروان دووبەردانی: حکوومەتی فیدراڵ هاوکاریی ئاوارەکان ناکات

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بەوە دەکات، گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێی، بڕیارێکی سیاسییە و دژی هەرێمی کوردستان دەرکراوە.  تا ئێستە حکوومەتی عێراق هەنگاوی جیددی نەناوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی ئاوارەکان و تا ئەوانیش بتوانن بە ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارەی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان هەن، حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەک پێویست هاوکاریی ئاوارەکانییان نەکردووە، بەڵکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەرکی خۆی هاوکاریی ئاوارەکان دەکات.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتی "دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکان بەردەوام هاوکاریی ئاوارە و پەنابەرانیان کردووە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، تا ئێستە حکوومەتی عێراق هاوکارنەبوونە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

 لەبارەی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان، دووبەردانی: دەڵێت گەڕانەوەی ئاوارەکان بە زۆرەملێی بڕیارێکی سیاسییە و دژی هەرێمی کوردستان دەرکراوە. لە کاتێکدا لە 90%ـی خەرجی ئاوارەکان لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

جەختی لەوەش کردەوە، حکوومەتی عێراق نزیکەی حەوت هەزار لە خێزان و کەسوکاری داعشی لە کەمپی هۆلەوە گەڕاندووەتەوە بۆ کەمی جەدعە لە باشووی مووسڵ. ناوبراو گوتیشی: حکوومەت و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەو بایەخەی بە کەسوکاری داعشی دەدەن، بە ئاوارەکانی خۆیان نادەن کە لە هەرێمی کوردستانن.

Fly Erbil Advertisment