ڕێبەر عەبدولعەزیز: ئەو ڕێنماییەی بۆ پەناخوازان دەرکراوە لە یاسا کۆنەکەی عێراق پێشکەوتووترە

سەرۆکی لێژنەی داڕشتنی ڕێنمایی کارگێڕیی پەناخوازان، دەڵێت: "ئەو ڕێنماییەی هەرێمی کوردستان بۆ پەناخوازان دەری کردووە، لە یاسا کۆنەکەی عێراق پێشکەوتووترە".
چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، عەمید ڕێبەر عەبدولعەزیز، بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی دهۆک و سەرۆکی لێژنەی داڕشتنی ڕێنمایی کارگێڕیی پەناخوازان، بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "پەناخوازان مافی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و ئازادی هاتووچۆکردن و کارکردن و خوێندن، پێگەیاندنی خێزان، مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ کەمئەندامانیان هەیە". هەروا گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو مافانەی بۆ پەناخوازان لەچوارچێوەیەکی یاساییدا دابین کردووە و ئەو ڕێنماییانەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندران، تەنها بۆ ڕێکخستنی مافی پەناخوازانە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا".
ڕێبەر عەبدولعەزیز گوتی: "ڕێنماییەکان لە چواردە ماددە پێک دێن و چوارساڵ کاریان تێدا کردووە لەگەڵ ڕێکخراوی UNHCR، بۆ ئەوەی لەگەڵ دەستووری عێراقدا هەماهەنگ و هاودژ نەبی، هاوکات بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت".
" ئەو پێوەرانەی هەرێمی کوردستان بۆ پەناخوازان پەیڕەوەی دەکات، لە زۆرێک لە وڵاتان باشترە، چونکە هەرێمی کوردستان ژیانی بۆ ئەوان دابین کردووە و بووەتە ئارامگەیەک بۆیان، پەناخوازانیش ئەوانەن کە بیانین و لە سنووری وڵاتێک دەرباز بوون".
ئەو ئەفسەرە ئاماژە بەوە دەکات، "ڕێنماییەکانمان بە ئامادەبووان ناساند کە بنەما نێودەوڵەتیەکانی لەخۆ گرتووە، پێی دڵخۆش بوون. ئێمە باسی ئەزموونی هەرێمی کوردستانمان کرد کە چۆن پەناخوازان وەردەگرێ و لە کەمپەکان نیشتەجێیان دەکات. ئەوان پێیان گوتین 'ئێوە کلتوورێکی دەوڵەمەندتان هەیە و دەستکەوتی باشتان وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەکەوتووەتە چوارچێوەیەکی یاسایی، ئەو ڕێنماییەش بەشێکە بۆ بە یاسایی کردنی ئەو هەوڵانە'".
ئەو هەروا گوتی: "عێراق تا ئێستاش یاسای ژمارەی 51 ـی ساڵی 1971 بۆ پرسی پەنابەران بەکاردێنێت و ئەو یاسایە بۆ ئێستا کەم و کوڕیی تیایە و هەمووار نەکراوەتەوە، ئەو ڕێنماییەی ئێمە زۆر پێشکەوتوو ترە لەو یاسایەی عێراق".
چوارشەممە، 10-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و نوێنەری کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ڕێنمایی ڕێکخستنی کاروباری پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، باڵیۆزی ئەمەریکا گوتارێکی پێشکەش کرد و پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییە کارگێڕییەکان ئیمزا کرا.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا جەختی کردەوە، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ هیچ جیاوازییەکی ئایینی، ڕەگەزی و نەتەوەیی؛ میوانداریی سەدان هەزار پەناخواز و پەنابەری وڵاتانی دەوروبەر و هەروەها ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق کردووە؛ بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرش و پەلاماری تیرۆریستانی داعش، بە هەزاران کەس ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد".
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەت، "ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پاراستن و حەواندنەوەی سەدان هەزار پەناخواز، ئاوارە و پەنابەر کە بەهۆی ترس و نەبوونی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکانیان، هەڵاتوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە؛ بەداخەوە تاوەکوو ئێستا بارودۆخی وڵات و ناوچەکانیان ئاسایی نەبووەتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە".