هەولێر، کۆنفرانسی ئاسوودەیی ئاژەڵان بەڕێوەچوو

کۆنفرانسی زانستی کۆمپانیای لوشتیک
کۆنفرانسی زانستی کۆمپانیای لوشتیک

لە کۆنفرانسێکی زانستیدا کە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا تێیدا ئامادە بوو، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە کاراکردنی جوڵەی ئابووری و بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە بەتایبەت لە کەرتی پەلەوەر و ئاژەڵداری.

چوارشەممە، 10ـی تەممووزی 2024، بەئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەریی و کۆمپانیای بواری دەرمانی ئاژەڵ و پەلەوەر، چوارەمین کۆنفرانسی زانستی کۆمپانیای لوشتیک بە دروشمی (ئاسوودەیی ئاژەڵان و خۆراکی سروشتیی لە پێناو ژینگەیەکی پارێزراودا) لە هەولێر بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کۆنفرانسەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و کاریگەریی مێژوویی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و وڵاتی فەرەنسا، جەختیشیکردەوە لەسەر بەردەوامیی بەسیاسەتی خۆگونجاندن و ڕووبەرووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و کەمکردنەوەی مەترسیی و کاریگەرییەکان بۆ سەر کشتوکاڵ و ژینگە و ئاسایشی خۆراک و ئاو.

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە قسەکانیدا ئاماژەی بە سوود وەرگرتن کرد لە ئەزموون و دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی فەرەنسی و کاراکردنی جوڵەی ئابووری و بازرگانی نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەران و دابینکردنی پێویستیەکانی کەرتی پەلەوەر و ئاژەڵداری و بواری دەرمان بە شێوازێکی سروشتی و هاورێی ژینگە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکوالێتی بەرز و پێشکەوتوو، بەئامانجی بەهێزکردنی ژێرخانی ئاسایشی خۆراک و پاڵپشتی زیاتری جووتیاران و خاوەنکاران لە فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان .

Fly Erbil Advertisment