حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ناوچە ئازادکراوەکان لە پاشماوەی شەڕی داعش پاک بکاتەوە

لە ماوەی سێ ساڵ شەڕی ڕووبەڕووی حکوومەتی عێراق دژی داعش، سەرەڕای زیانی گیانی، نزیکەی 100 ملیار دۆلار زیانی دارایی پێگەیشت، حەوت ساڵە سەرکەوتن بەسەر داعش ڕاگەیێندراوە کەچی حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە خۆی لە پێنج لێکەوتەی شەڕی دژ بە ڕێکخراوەکە ڕزگار بکات.
سێ ساڵ بەردەوامی شەڕ لەدژی داعش جگە لە زیانی گیانی، نزیکەی 100 ملیار دۆلار زیانی بەر ئابووریی عێراق گەیاند. لەکاتێکدا حەوت ساڵە سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوەکە ڕاگەیێندراوە بەڵام حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە خۆی لە لێکەوتەکانی شەڕی دژ بە ڕێکخراوەکە ڕزگار بکات.
دامەزراوەی "بەرگریی لە دیموکراسی" لە ئەمەریکا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ ڕایگەیاند سەرەڕای لەدەستدانی هێزی سەرەکیی لە موسڵ و ڕەققە بەڵام داعش هێشتا کاریگەرە و مەترسییەکانی لەناو نەچوون و شانە نووستووەکانی داعش بەردەوامن لە جێبەجێکردنی چالاکییەکانیان. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکاش لە هەمان مانگ ڕایگەیاند داعش خاوەنی دوو هەزار و 500 چەکدارە، ئەمە لە کاتێکدا کە دەسەڵاتدارانی عێراق بانگەشەی نەمانی داعش لە عێراق دەکەن.
لەلایەکی دیکە کەمپی هۆل لە سووریا کە زیاتر لە 43 هەزار کەسی 45 وڵات لە خۆدەگرێت بەشی هەرە زۆریان خەڵکی عێراق و سووریان و پاشماوەی چەکدارانی داعشن، مەترسییەکی گەورەیە لەسەرعێراق و بەبۆمبی کاتیی ناودەبرێت. حکوومەتی عێراق لەساڵی 2021ـەوە پێنج هەزاری لەوانە گەڕاندووەتەوە و بەشێکیانی لە کەمپی جەددە نیشتەجێ کردوون، دیاریش نییە کە دەتوانێت سەرکەوتوو بێت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ژیانیان و، تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە.
هەروەها حکوومەتی عێراق لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بە جێبەجێکردنی بەلێشاوی سزای لە سێدارەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار دەکرێت، بەو پێیەی لەساڵی 2017ـەوە بە هەزاران کەسی بە تۆمەتی ئەندامییەتی داعش لە سێدارە داوە و هەشت هەزار کەسی دیکەش کە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دراوە لە زیندانەکان چاوەڕێی جێبەجێکردنی سزاکەن.
پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی کە لە ڕابردوودا وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دروست کردووە. لە کاتێکدا زیاتر لە 743 هەزار ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای پێدانی ڕاوێژ و ڕێوشوێنی بەردەوام بە حکوومەتی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، هاوکات داوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دەکات و داوا دەکات ،شنگال لە گرووپە چەکدارەکان پاک بکرێتەوە، لەڕێگەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە بکرێت.
یەکێکی دیکە لە پرسەکان ، کێشەی پاشماوەی جەنگییە و ساڵانە بەهۆیەوە دەیان کەس گیان دەسپێرن و حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ناوچەکانی شەڕ لەپاشماوەی شەڕی دژ بەداعش پاک بکاتەوە و هێشتا بەشێکی زۆریان مەترسیدارن بۆ ژیان.