ئەمجارەش ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە ناتۆ یەکلایی نەکرایەوە

لوتکەی ناتۆ لە واشنتن
لوتکەی ناتۆ لە واشنتن

ئەمڕۆ دوا ڕۆژی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆیە کە لە واشنتن بەڕێوە دەچێت؛ ڤۆلۆدمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لووتکەکە بەشدارە، بەڵێنی داوە ئەمجارە بەدەستی بەتاڵەوە نەگەڕێتەوە وڵاتەکەی.

تا ئێستا سەرکەوتوو بووە لە ڕازی کردنی سەرکردەکانی ناتۆ بۆ ئەوەی هاوکاریی سەربازیی زیاتر پێشکەشی سوپای ئۆکرانیا بکرێ بۆ ئەمەش ئەمەریکا مزگێنیدا، بەم نزیکانە فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 لە ئاسمانی ئۆکرانیادا دەبیندرێن.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند "سەرۆک بایدن هاوشان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا و دانیمارک بە شانازییەوە ڕایدەگەیاند، پرۆسەی گواستنەوەی فڕۆکەی ئێف 16 بە فەرمی دەبێت و ئۆکرانیا لە هاوینی ئەمساڵدا ئێف 16 دەفڕێنێت".

داواکارییەکانی زێلێنکسی لە هاوپەیمانانی ناتۆ زیاترە لە پێدانی چەک و پشتیوانیی لۆجستی، لەم لووتکەیە هەوڵدەدات دەرفەتی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ بقۆزێتەوە و بەڵێنێکی کۆنکرێتی لە ئەندامانی ناتۆ وەرگرێت و کۆتایی بەم دەستی دەستییە بێنێت.

هەنگاوی بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ هۆیەکی سەرەکی بوو و كاتەکە بکەوێتە بەردەم لەشکرکێشی ڕووسیا و داگیرکاری، بەڵام تاوەکوو ئێستاش هاوپەیمانییەکە وەرگرتنی ئۆکرانیای قەبوڵ نەکردووە و کاتەکەی بە گونجاو نازانن.

لەمبارەوە یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ کە ئەمە دوایین لووتکەیە سەرکردایەتی دەکات بەهۆی کۆتایی هاتنی ئەرکەکەی دەڵێت "هەموو هاوپەیمانان هاوڕان، ئۆکرانیا دەبێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڵێین کەی ئەمە ڕوودەدات".

ستۆڵتنبێرگ، ئەمجارەش ئۆکرانیا و سەرۆکەکەی هیوا بڕاو کرد لەوەی بەم نزیکانە ئەندامێکی نوێ بۆ هاوپەیمانی ناتۆ زیاد بکرێت.

هەر لە بارەی ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ سەرۆکی فینلەندا، کە وڵاتەکەی لە 4ی نیسانی 2023 بووە 31مین ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، ڕوو لە ڕووسیا پەیامێکی ئاراستەی کریملن کرد.

ئەلیکساندەر ستوب، سەرۆکی فینلەند لە پەیامەکەیدا گوتی "پێموایە زۆر گرنگە لێرەوە پەیامێک بە کریملن بدەین، هەوڵ و ڕێگە بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ پاشگەزبوونەوەی نییە".

یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی لووتکەی ناتۆ زیاترکردنی هاوکارییەکانە بۆ ئۆکرانیا لە جەنگی دژی ڕووسیا. زێلێنکسی، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ناتۆ ڕایگەیاند، بەڵێنی لە وڵاتان وەرگرتووە بۆ ناردنی پێنج سیستمی پاتریۆت و چەند فڕۆکەیەکی جەنگی جۆری ئێف 16 .

لووتکەی ئەمجارەی ناتۆ لە 9ی ئەم مانگە لە واشنتن بە بەشداریی سەرۆکی 32 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە و میوانداریی هەر یەک لە نیوزلەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی چالاکییەکانی دەست پێ کرد و ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024 کۆتایی بە لووتکەکە دێت.

ئەم لووتکەیەی ناتۆ دوای 10 ساڵ، دەبێتە دوایین لووتکە بە سەرۆکایەتیی یێنس ستۆڵتنبێرگ، وەک سکرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ، چونکە بڕیارە لە تشرینی یەکەمی 2024، مارک ڕووتە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا بە سکرتێری گشتیی نوێی هاوپەیمانی ناتۆ دەست بەکار دەبێت.

گرنگترین تەوەرەکانی لووتکەکەش، پرسی ئاشتەوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی غەززە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا، لەگەڵ ڕووبەڕبوونەوەی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوون.

Fly Erbil Advertisment