لوبنان نیوەی پەنابەرانی سووریا دیپۆرت دەکاتەوە

دەزگای ئاسایشی گشتیی لوبنان، چاوەڕێی وەڵامی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی لوبنان ناکات بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی بۆ ڕادەستکردنی زانیارییە کەسیەکانی ئاوارەکانی سووریا لە لوبنان، چونکە بڕیاری داوە "داتا"ـی تایبەت بە خۆی ئامادە بکات بەوەی پەنابەرە سوورییەکان پابەند بکات کە بچنە ئەو بنکانەی بۆیان دیاری دەکرێت تاوەکو بەرواری چوونە ناو لوبنانیان تۆمار بکات.
سەرچاوەکانی ئاسایشی گشتیی لوبنان، بە ڕۆژنامەی 'شەرقولئەوسەت'ـیان گوت: "کاتی پێویست دراوە بە کۆمیسیۆن بۆ ئەوەی ئەم داتایانە ڕادەست بکات، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، چەندین بیانووی هێناوەتەوە، لەکاتێکدا ئێمە پێمان وایە فشاری نێودەوڵەتی لەسەرە".
ئاماژەیان بەوەش داوە، "بڕیاردرا ئەم داتایە کۆ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی ناوەندەکان لە سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان دەستنیشان بکرێن کە پێویستە سووریاییەکان داواکانیان پێشکەش بکەن، ئەویش وادەی چونە ناو لوبنانە، ئایا پێش ساڵی 2015 چوونەتە ژوورەوە، ئەو کاتەی حکومەت ڕێگەی بە چوونە ژوورەوە دەدا".
ئەو سەرچاوانە ڕوونی دەکەنەوە "بنکەیەک بۆ کۆکردنەوەی هەموو ئەم داتایانە لە ناوچەی داموور دادەمەزرێت، دوای ئەوە کار بۆ دیپۆرتکردنەوەی هەر سووریاییەک دەکرێت کە لە دوای ساڵی 2015 چووەتە ژوورەوە و خاوەنی مۆڵەتی کارکردن یان ئیقامەی فەرمی نییە، کە ڕێگەی پێ بدات بۆ مانەوە لە لوبنان"، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم ڕێوشوێنە دەبێتە هۆی دیپۆرتکردنەوەی نیوەی سووریاییەکان لە لوبنان.
ئاوارەکانی سووریا لە ساڵی 2011 بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، لە ڕێگەی دەروازە یاسایی و نایاساییەکانەوە چوونەتە ناو لوبنان و لە زۆربەی ناوچەکانی لوبنان لە کەمپ و شوقەی بەکرێگیراودا بڵاو بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتی فەرمی کۆکردنەوەی زانیاریی کەسی ئەو سووریانە زۆر قورس بێت.
سەدان گوند و شارۆچکەی لوبنان لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە ی سووریاییان کردووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەو وڵاتە لە ساڵی 2019 و تێکچوونی باری ئابووریی و گوزەران، گرژی لە نێوان کۆمەڵگەی لوبنانی و سووریایەکان دروست دەبێت. هاوینی ڕابردوو کۆمەڵگەی پەنابەران گوتی، ئەمەش بووە هۆی کێشەی ئەمنی لە وڵاتەکە.
لیوا ئیلیاس ئەلبەیسەری، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گشتیی بە وەکالەت، گوتی: ژمارەی مەزەندەکراوی ئاوارەکانی سووریا لە لوبنان دوو ملیۆن و 100 هەزار کەسە کە لەسەدا 43ـی ژمارەی دانیشتووانی لوبنان پێک دەهێنێت.