45.95 گیگابایت دۆکیومێنتی لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعش ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا

یونیتاد 45.95 گیگابایت لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد
یونیتاد 45.95 گیگابایت لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعشی ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن "یونیتاد"ـەوە بڕی 45.95 گیگابایت لە لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعش ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا. 

پێنجشەممە 11ی تەمموزی 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرد لە ستیڤن ماتیاس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی و ئانا پێرۆ لۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە وەکالەت.

لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجوومەنی ئاسایش و ڕادەستکردنی بەڵگەی تاوانەکان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

د. دیندار زێباری لە بارەی کۆبوونەوەکە گوتی: لە میانەی هەماهەنگیی نێوانمان لەگەڵ تیمی یونیتاد و لیژنەی نیشتمانیی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC) بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەو بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوانەی کە لەلایەن تیمی یونیتادەوە ئەرشیف کراون و لە نووسینگەکانی هەولێر و دهۆکی یونیتادن لە ڕێگای ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن، پرۆسەکەش ئەمڕۆ دەکەوێتە واری جێبەجێکردن.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو: ئەو بەڵگانەی ئەمڕۆ ڕادەست دەکرێن ئەو زانیاری و کەرەستانەی یونیتاد کە لە دەسەڵاتە دادوەری و نادادوەرییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، سەرەڕای  بەشدارییەکانی لێکۆڵەران و پسپۆڕانی یاسایی، پسپۆڕانی پزیشکی دادوەری، شیکەرەوەکان لەخۆ دەگرێت، کۆی قەبارەی داتاکان دەگاتە  45.95 گیگابایت کە لەسەر یەک هارددیسکی کۆدکراو پارێزراوە.

بە گوتەی د. دیندار زێباری: یونیتاد بەرنامەی SyncBackPro v.9 ی بەکارهێناوە بۆ کۆپیکردنی ئەم زانیاریانە لە Electronic Vaultێكدا بۆ سەر هارددیسکەکان دوای تێبینیی ورد، بەڵگەکان کە ئەم پێکهاتانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە وەک یەکپارچە و دەستڕاگەیشتن و بەکارهێنەر دەمێنێتەوە لە ڕێوشوێنە ناوخۆییەکانی داهاتوو کە کاریان لەسەر  تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش کردووە:

یەک هارددیسکی کۆدکراو بە توانای هەڵگرتنی (4) تێرابایت، یەک کلیلی گەڕانەوەی BitLocker  چاپکراو بۆ هارددیسکی کۆدکراو و لاپەڕەی یارمەتییەکان کە زانیاری گشتگیریان تێدایە سەبارەت بە پێکهاتەی داتا، ناوەڕۆک و وردەکارییە تایبەتەکانی بەڵگەکانی ناو هەر هارد دیسکێک.

 لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتوو لەگەڵ یونیتاد ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بڕیارە وایە لە ناوەڕاستی مانگی ئاب داهاتوو خولی مەشق بۆ زیاتر لە (10) ئەفسەری لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانتایبەت بە پرۆگرامی پاراستنی شایەحاڵەکان بە مەبەستی دامەزراندنی یەکەیەکی کاری شایەدحاڵەکان.

Fly Erbil Advertisment