کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دواخرا و ناکۆکی هەیە
بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ ماوەیەکی کاتی دواخرا.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لایەنە سیاسییەکان لەبارەی شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە ناکۆکن، بۆیە کۆبوونەکە دواخرا؛ "بەشێکی لایەنەکان داوا دەکەن کۆبوونەوەکە بە داخراوی بکرێت و بەشێکی دیکەشیان داوا دەکەن کراوە بێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هیواشی خواست چی دیکە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوانەخرێت و ئەمڕۆ یەکەمین کۆبوونەوە بە بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکان بکرێت.
کۆی گشتیی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە 16 کورسین و بەم شێوەیە بەسەر لایەنەکاندا دابەش بوون:
1. کورد: حەوت کورسی (یەکێتی پێنج و پارتیش دوو)
2. عەرەب: شەش کورسی
3. تورکمان: دوو کورسی
4. یەک کورسیش بۆ کۆتای کریستییان
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "هاووڵاتییانی کەرکووک چاوەڕێی بەرهەمی دەنگەکانیانن. ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان داوە قەرزە لەسەر شانمان و هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێیان دەکەین".
بە گوێرەی یاسا، دوای بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا؛ ماوەی مانگێک مۆڵەت دەدرێتە لایەنە سیاسییەکان تاوەکوو لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکانی ڕێک بکەون.
ڕۆژی چوارشەممە، 10-07-2024، ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەی خستەڕوو، ڕاکان جبووری پارێزگاری کاربەڕێکەری کەرکووك دەبێت لە ماوەی ئەو مانگەی لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنەکە و جێگرانی دەکەن.
لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووکیش، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتی، "تاوەکو ئێستا لایەنە سیاسییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاکە و هەڵبژاردنی پارێزگار ڕێک نەکەوتوون". گوتیشی، "چەند پێشنیازێک بۆ چارەکردنی کێشەکە خراونەتەڕوو، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ یەکێکیان پەسەند نەکراوە".