66 لە سەدی فەڵەستینییەکان لە ئاوارەیی و پەنابەریدا دەژین

ئاوارەبوونی دانیشتووانی کەرتی غەززە
ئاوارەبوونی دانیشتووانی کەرتی غەززە

ناوەندی ئاماری فەڵەستین بڵاوی کردووەتەوە، ژمارەی کۆچبەر و پەنابەرانی فەڵەستینی لە سەرتاسەری جیهاندا تا ناوەڕاستی ئەم ساڵ، گەیشتووەتە 14.8 ملیۆن کەس.

ناوەندەکە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی دانیشتووانەوە ئاماری دانیشتووانی فەڵەستین و ئاوارە و کۆچبەرانی بڵاوکردووەتەوە. بە گوێرەی ئامارەکان، ژمارەی فەڵەستینییەکانی دانیشتووی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فەڵەستین نزیکەی 5.61 ملیۆن کەسە کە 2.85 ملیۆنیان لە ڕەگەزی نێر و 2.76 ملیۆنیان لە ڕەگەزی مێ ن.

هەروەها 1.8 ملیۆن لە ناوچەکانی 1948دا دەژین کە دەکەونە سنووری ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل، هەر بە گوێرەی ئامارەکان نزیکەی 7.4 ملیۆن فەڵەستینی لە ئاوارە و کۆچبەر بوون، لەنێویاندا 6.3 ملیۆن کەسیان لە وڵاتانی عەرەبی گیرساونەتەوە.

ناوەندی ئامارەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینی لەو ئامارانەی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی داوە لە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەهۆی ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی 2.2 ملیۆن فەڵەستینی سەر ڕووبەری 365 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە کەرتی غەززە دەژیان، کە دەکاتە نزیکەی %41ی کۆی سەرجەم دانیشتووانی فەڵەستین.

هەروەها ئاماژەی داوە لە دوای جەنگی 1948ـەوە %66ی خەڵکی فەڵەستین لە ئاوارەیی و پەنابەریدا دەژین.

لە بارەی ئامارەکانی قوربانیانی شەڕی دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، ناوەندەکە بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 39 هەزار کوژراو کە دەکاتە %1.7 دانیشتووانی کەرتی غەززە. لە نێو کوژراوەکاندا نزیکەی 16 هەزار منداڵ و 11 هەزار ئافرەتن و زیاتر لە 822 لە کوژراوەکانی قوتابی بوون و 500 کەسی دیکە لە کوژراوەکان کارمەندی کەرتی تەندروستی بوون.

هەر بە گوێرەی ئامارەکانی فەڵەستین، بەدەر لە کوژراوانی کەرتی غەززە، لە کەناری ڕۆژئاوا کە سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی فەڵەستینە کە هەشت مانگی ڕابردوودا 570 کەس لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون.

هەروەها لە سەرەتای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە تاوەکوو ئێستا نزیکەی 10 هەزار فەڵەستینی لە کەرتی غەززە بزرن و چارەنووسیان نەزانراوە.

هەروا لە ئامارەکاندا هاتووە، تەنیا لە کەرتی غەززە تاوەکوو ئێستا 36 کەس لە برسان  مردوون و نزیکەی سێ هەزار و 500 منداڵیش بەهۆی بەدخۆراکییەوە  ژیانیان لە مەترسیدایە.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئۆنراو نزیکەی %70ی دانیشتووانی کەرتی غەززە تووشی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە کە %90یان منداڵانی تەمەن شەش مانگ بۆ دوو ساڵان لەگەڵ ئافرەتانی دووگیانن.

لە بارەی ئامارەی بریندارانی کەرتی غەززەشەوە، باوەندی ئامارەکانی فەڵەستین ئاماژەی داوە، نزیکەی 88 هەزار کەس دەبن، کە 13 هەزار و 200 قوتابین. هەروەها لە کۆی بریندارەکان 70%یان ئافرەتان و منداڵن.

هەر بە گوێرەی ئامارەکان، ژیانی 10 هەزار نەخۆشی شێرپەنجە و سێ هەزار نەخۆشی دیکە لە مەترسیدایە کە بەشێکیان پێویستیان بەوەیە بۆ چارەکردن ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکرێن.

لە سەرەتای شەڕەوە تاوەکوو ئێستا یەک ملیۆن و 660 هەزار و 942 کەس لە کەرتی غەززە تووشی نەخۆشییە گواستراوەکان بوون، هەر بەهۆی دۆخی شەڕەوە 71 هەزار و 338 کەس تووشی هەوکردنی جگەری ڤایرۆسی جۆری سی (C) بوون.

سەبارەت بە زیانەکانی ژێرخانی کەرتەکانیشەوە بەگوێرەی ڕووپێوەکانی ناوەندی ئامارەکانی فەڵەستین 150 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی وێران بوون، لە نێویاندا 80 هەزار یەکە بە کەڵکی نیشتەجێبوون نەماون. هەروەها 200  هەزار یەکەی نیشتەجێبوون نیمچە وێران بوونە، جگە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون 195  فەرمانگە و دامەزراوەی حکوومی وێران بوونە.

هەر لە شوێنە وێرانبووەکان بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی حەماس و ئیسرائیل 206 ناوچەی شوێنەواری وێران بوون و لە بارەی زیانەکانی کەرتی تەندروستیش ئاماژە دراوە بەوەی تاوەکوو ئێستا بەهۆی شەڕەوە 33 نەخۆشخانە، 64 بنکەی تەندروستی، 161 دامەزراوەی تەندروستی لەکار کەوتن و 131 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن زیانیان پێگەیشتووە و لەکار کەوتوون.

هەر بەگوێرەی تۆمارەکانی ناوەندی ئاماری فەڵەستین گەشەی دانیشتووان بەهۆی شەڕەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە، چونکە خێزانەکان بەهۆی ناڕوونی چارەنووسیان نایانەوێت منداڵی زیاتر بخەنەوە و کچان و کوڕانیش مەیلیان بۆ هاوسەرگیری نییە.