ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت
.jpg)
عەلیڕەزا سەلیمی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، سوێندخواردنی سەرۆککۆماری ئێران، ڕۆژی سێشەممە 30ـی حوزەیران بەڕێوە دەچێت، دەشڵێت، بۆ دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان لە ئەندامییەتیی پەرلەمان، هیچ ڕێورەسمێکی تایبەت بەڕێوە ناچێت.
بە گوتەی سەلیمی، لە پاش دەرچوونی مەرسوومی ڕێبەری بۆ سەرۆککۆماری ئێران، ئەم مەرسوومە وەک پەسندکرانی دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان لە ئەندامییەتیی پەرلەمان دێتە ئەژمار.
هاوکات، ماڵپەڕی تابناک لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دوو ڕۆژ پێش ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆمار لە پەرلەمان، ڕێوڕەسمی دەرچوونی مەرسوومی ڕێبەری بۆ سەرۆککۆماریش بەڕێوە دەچێت.
دوای بڵاوبوونەوەی نامەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێ، بۆ محەمەد موخبیر، سەرپەرشتی حکوومەت، سەبارەت بە ڕاگرتنی دانان و لادانی بەرپرسان و گواستنەوەی دامەزراوە و کۆمپانیاکان، بابەتەکە چووە بارێکی نوێوە و کۆمەڵێک بەڵگە بڵاو کراونەتەوە کە دەری دەخەن دوای ئەوەی محەمەد موخبیر لە ڕێنوێنییەکی گشتێندراودا داوای ڕاگرتنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە وەزارەتەکان کردووە، کەچی پرۆسەکە لە بەشێک لە وەزارەتەکاندا ڕانەگیراوە.
مەحموود سادقی، پەرلەمانتاری پێشوو لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، پێویستە سەرۆککۆماری نوێ ئاگادار بێت، دوای ڕێنوێنییە گشتێندراوەکەی سەرپەرشتیی حکوومەتیش، کۆمەڵێک گواستنەوەی نائاسایی لە دامودەزگاکاندا کراوە؛ لەوانە، گواستنەوەی گرووپی کۆمپانیاکانی پاڵاوتنی گازی پارسیان، پاڵاوگەی گازی فەجرجەم، کشتوکاڵ و پیشەسازیی موغان، پاڵاوگەی نەوتی ئابادان و پرۆژە و بینای نەوت لە دەرەوەی ڕێساکانی بۆرسە بە ناوی فەرمانگەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام کراون.
ماڵپەڕی ئینتیخابیش ڕایگەیاندووە، هەر لەم ڕۆژانەدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕێنوێنییەکانی سەرپەرشتی حکوومەت، عەلی ئەسغەر عونابستانی، پەرلەمانتاری پێشوو کە بە زللـە لە سەربازێکی دابوو، لەلایەن وەزیری کارەوە کراوە بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی سندووقی فەرمانبەرانی فوولاد، هەروەها پەرلەمانتارێکی بناژۆخوازی پێشوو بە فەرمانی وەزیری کار کراوە بە بەڕێوەبەری سندووقی خانەنشینیی وڵات.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئیلنا، سەولەت مورتەزەوی، وەزیری کار سەبارەت بەو بڕیارانە گوتوویەتی، حکوومەتی ئێستا تا دواین چرکە بەرپرسیارە و ئەو ئاڵوگۆڕانەش لەو شوێنانە کراون کە سەر بە کەرتی گشتین.
هاوکات عەباس عەبدی، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی ڕیفۆرمخواز دەڵێت، پێداچوونەوە بە سەرلەبەری ئەو بڕیارانەدا دەکرێت و بە گەندەڵی دەژمێردرێن، مەگین ئەوەی کە ڕاستییەکەیان بسەلمێندرێت.
بڕیارە ڕۆژی ٣٠ی تەمووز سەرۆککۆماری نوێ سوێندی یاسایی بخوات و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا دەست بە پێکهێنانی کابینەکەی بکات.
ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی چواردەهەمین خولی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیەندرا و مەسعود پزیشکیان بە نۆیەمین سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا.