مەروان محەمەد: 16 هەزار کەس کێشەی پەنجەمۆریان چارەکرا

بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کرد، 16 هەزار کەس کێشەی پەنجەمۆریان چارەکرا، لەوانەی ماویشن، هەندێکیان کێشەی نەخۆشی شەکرە و پێستیان هەیە.
مەروان محەمەد، بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24 ـی ڕاگەیاند: لە کۆی 135 هەزار کەس لە سنووری هەولێر کە کێشەی پەنجەمۆریان هەیە، 16 هەزاریان کێشەکەیان بۆ چارەسەر کراوە، دەشڵێت: تا ئێستا لە کۆی 13 حزب، 11 حزب فۆرمی لیستی کاندیدەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ کۆمسیۆن، ئاماژەی بەوەشدا لە سنووری هەولێر پێویستیان بە 18 هەزار کەسە بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
مەروان محەمەد ڕایگەیاند: 120 هەزار کەس هێشتا ماون سەردانی بنکەکان بکەن لە کۆی ئەو ژمارەی کە ئاماژەی بۆ کرا، 16 هەزار کەس سەردانی بنکەکانیان کردووە و پەنجەمۆریان لێ وەرگیراوەتەوە، بەشێکیان کێشەکەیان چارەسەر کراوە و بەشێکی دیکەشیان پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، لەوانەش کێشەی نەخۆشی شەکرە، یاخود نەخۆشی پێست کە وا دەکات پەنجەمۆریان دەرنەچێت.
بەرپرسی لقی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت: تا ئێستا لە کۆی 13 حزب، 11 حزب فۆرمەکانی خۆیان گەڕاندووەتەوە، لە کۆی دوو هاوپەیمانییەتیش، هەردوو هاوپەیمانیەتەکە فۆرمی خۆیان پێشکەش کردووە، هەروەها لە کۆی 33 کاندیدی تاکی سەربەخۆ، 21 کاندید فۆرمەکانی خۆیان پێشکەش کردووە، لە کۆی 14 کاندیدی تاکی تورکمان، حەوت کاندیدی تاکی تورکمان فۆرمەکانی خۆیان گەڕاندووەتەوە، هاوکات لە کۆی حەوت کاندیدی تاکی مەسیحی، 3 کاندید فۆرمەکانی خۆیان پێشکەش کردووە.
مەروان ڕایگەیاند: 4ـی تەممووز تاکوو 23ـی تەممووز ئەو ماوەیە وەک دەرفەت لەبەردەم هاووڵاتییانە، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وەکو کارمەندی سەر سندوق بەشدار بن لە ڕۆژی هەڵبژاردن، دەشڵێت: لە پارێزگای هەولێر پێویستمان بە 18 هەزار کارمەندە بۆ ئەوەی بەشدار بن لە ڕۆژی هەڵبژاردن وەک کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان.
کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی داتا سەنتەر لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان پێشتر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:
لە هەرێمی کوردستان 355 هەزار و 506 هاووڵاتی کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان هەیە، لەم ڕێژەیەش هەولێر 14%ـی بەرکەوتووە.
گوتیشی: لە سلێمانیش 13%ـی هاووڵاتییان کێشەی نەبوونی پەنجەمۆریان هەیە، هەروەها پێویستە کۆمسیۆن ماوەیەک دابنێت بۆ ئەوەی کێشەی پەنجەمۆر چارەسەر بکات.
رۆژی (22ـی ئایاری 2024) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 167 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی ژمارەی 26ـی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بەست و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ شەش مانگ درێژ کردەوە.
چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە دەرکردنی فەرمانی هەرێمی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 کە تێیدا هاتووە: پاڵپشت بە بڕگەی دووەم، لە ماددەی دەیەم، لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ژمارە یەکی 2005ـی هەموارکراو، بڕیارماندا بە:
1. دیاریکردنی ڕۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
2. گشت لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەند دەبن بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە.
3. ئەم فەرمانە لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێ بەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.