ڕێبوار تەها: ئێمە هەڵەمان کرد و دەرفەتێکی نوێمان بۆ هاتووەتە پێش

ڕێبوار تەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ڕێبوار تەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات کە لە ڕابردوو هەڵەیان کردووە و تازە دەرفەتێکی نوێیان بۆ هاتووەتە پێش بەیەکەوە وەکو یەک تیم خزمەتی شاری کەرکووک بکەن.

پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ڕێبوار تەها سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند:   سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت، گوتی:

ئێمە لەڕابردوودا هەڵەمان کردووە، ئێستا دەرفەتێکمان لەبەردەمە بۆ ئەوەی کاری باش بکەین، گوتیشی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر باش بوو، ئاماژەی بەوە کرد کە دەیانەوێت بەپرسیارەتی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە دیاری کردنی پارێزگار و دوو جێگر و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە خزمەتی هەمووان بێت، دەشڵێت: پێویستە وەکو یەک تیم هەمووان بە یەکەوە کار بکەن، چونکە ئەو ئەنجوومەنە تۆڕێکی حکوومییە و هەمووان تێیدا بەشدارین لە حکوومڕانی شارەکە بەپێی یاسا، گوتی: خەڵکی کەرکووک پێویستیان بە ئێمەیە و پێویستە کار بکەین.

پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هاتنە هۆڵی کۆبوونەوە و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری وەک بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد و گوتی: بەشداریی هەموو لایەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر گرنگە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک نەکراوە، ئەمە کارێکی زۆر گرنگە بۆ جێبەجێکردنی خزمەتگوزاری و سەقامگیری.

باسی لەوەش کرد، "ئێستە یەکەم کۆبوونەوە دەست پێ دەکات و هەوڵ دەدەین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی چەند پرسێک بکەین، کەرکووک بۆ عێراق زۆر گرنگە، هەروەها خەڵکەکەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە دروستکردنی پێکەوەژیان لە عێراقدا هەبووە".

ڕۆژی چوارشەممە 10ـی تەمموزی 2024 ڕاکان جبوورى، پارێزگارى بە وەکالەتی کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە دادگە سوێندى یاسایی خوارد و بڕیارە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکات بەو پێیەی بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکەیە.

Fly Erbil Advertisment