فوئاد حوسێن: له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به كێشه ئابووریی و داراییه‌كان كۆ ده‌بمه‌وه
جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وەزیری دەرەوەی عێراق به سه‌ردانێكی فه‌رمی له ئه‌مه‌ریكایه، ئاماژه به ئامانجه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی و ته‌وه‌ر و گفتوگۆی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكیی و وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌ندامانی ناتۆ ده‌كات، هاوكات تیشك ده‌خاته سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و پرسی تیرۆر و بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كان و هاوكات ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌سه‌ر خاكی عێراق.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 11ـی ته‌ممووزی 2024، فوئاد حوسێن، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وەزیری دەرەوەی عێراق له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "الحرة" كه به‌شێكی له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی كوردستان24 به كوردی كراوه، ئاماژه‌ی به‌وه كرد، له‌سه‌ر داوای ئه‌نتۆنیۆ بلینكن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له واشنتنه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له لووتكه‌ی ناتۆ بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ندان دیدار و كۆبوونه‌وه‌یشیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا و ناتۆ، هاوكات ڕۆژی هه‌ینی 12ـی ته‌ممووز له‌گه‌ڵ وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا كۆ ده‌بنه‌وه.
ڕوونیشی كرده‌وه له میانی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی ئابووریی، دراو و بارودۆخی دارایی عێراق و كێشه‌كانی نێوان بانكی ناوه‌ندیی و وه‌زاره‌تی دارایی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكی ده‌كه‌ن و هه‌وڵی چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه ده‌ده‌ن.
فوئاد حوسێن باسی له‌وه‌ش كرد، بوونی نێرده‌ی ناتۆ له عێراق گرنگه و په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگییه‌كی جیددیش له نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و نێرده‌كه هه‌یه به‌تایبه‌تی له بواری مه‌شق و ڕاهێنانی هێزه ئه‌منییه‌كان عێراق، نه‌خاسمه كه كاره‌كانی نێرده‌كه فره‌وانتر بووه و وه‌زاره‌تی ناوخۆیشی گرتووه‌ته‌وه.
جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وەزیری دەرەوەی عێراق هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، عێراق ڕێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه سه‌باره‌ت به بارودۆخی ئه‌منی، هاوكات عێراق هه‌وڵ پێكهێنانی دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌ناهیی هه‌رێمی ده‌دات كه ئه‌مه یارمداتی عێراق و ئه‌وانی دیكه‌یش ده‌دات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه به گشتی. له لایه‌كی دیكه‌وه عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له گفتوگۆی به‌رده‌وامدایه بۆ تاوتوێكردنی قۆناغی داهاتووی په‌یوه‌ندییه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان و بوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا شاندێكی سه‌ربازیی عێراق له هه‌فته‌كانی داهاتوودا و به‌دیاریكراویش له 22ـی ئه‌م مانگه‌دا سه‌ردانی واشنتن ده‌كات.
فوئاد حوسێن سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا، چاره‌كردنی كێشه ناوخۆییه‌كان ده‌بێت له كاره له‌پێشینه‌كانی حكوومه‌تی عێراق بێت، به‌و پێیه‌ی چاره‌كردنی ئه‌و كێشانه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا ده‌بێت؛ هاوكات چاره‌كردنی كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه هاوسنوورینه، به هه‌مان شێوه كاریگه‌ریی ئه‌رێنی له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆی عێراقدا ده‌بێت، نه‌خاسمه كه كاریگه‌ریی وڵاتانی هه‌رێمی به‌سه‌ر سیاسه‌تی عێراقیدا ده‌بینرێت كه ئه‌مه پێچه‌وانه‌كه‌یشی ڕاسته، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌ستپێشخه‌ریی عێراقی هه‌یه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی نێوان توركیا و سووریا كۆبوونه‌وه‌یان له به‌غدا، به‌و پێیه‌ی هه‌ردوو وڵات كاریگه‌رییان به‌سه‌ر یه‌كدی و به‌سه‌ر عێراقیشه‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ریكایش له لای خۆیه‌وه ئاگه‌داری ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی عێراقه، ئه‌مه‌یش له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی و سه‌قامگیریی عێراق ده‌بێت.
جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وەزیری دەرەوەی عێراق تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌یش، له ناوه‌ڕاستی مانگی ئابدا سه‌باره‌ت به پرسیی ئاو و پرسگه‌لی دیكه‌ی ئه‌منی و سه‌ربازی سه‌ردانی ئه‌نقه‌ره ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش شاندی لیژنه‌ی باڵا له نێوان هه‌ردوولادا گفتوگۆی په‌یوه‌ست و په‌یوه‌ندیداریان ده‌بێت، كه له ئێسته‌یشدا كاره‌كانیان به‌رده‌وامه و هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیان هه‌یه. وه‌ك فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی بۆ كرد، كه‌مپی هۆل له سووریا ته‌وه‌رێكی گفتوگۆ ئه‌منییه‌كانیان ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركی به‌و پێیه‌ی پرسێكی هه‌ستیار و مه‌ترسیداره و بووه‌ته قوتابخانه‌یه‌كی ئایدۆلۆژی بۆ په‌روه‌رده‌كردن و گه‌شه‌پێدانی توندڕه‌وی و تیرۆر، بۆیه عێراق پێی وایه چاره‌كردنی ئه‌م پرسه چاره‌كردنی گرێی ئه‌منی ناوچه‌كه‌یه و له‌م پێودانگه‌یشدا له ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی عێراقی – توركی – سووریدا سه‌رنجی زیاتری ده‌خرێته سه‌ر.
فوئاد حوسێن سه‌باره‌ت به ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی ئێسته‌ی سوپای توركیا دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له ناوچه سنوورییه‌كاندا، ڕه‌تی كرده‌وه توركیا بۆ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه گڵۆپی سه‌وزی له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراق و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ هه‌ڵكرا بێت، نه‌خاسمه كه سوپای توركیا به‌شێكی له‌وه‌ته‌ی ساڵی 1991ـوه له ناوچه‌كه‌دایه و به‌شێكی دیكه‌یشی له كاتی جه‌نگی دژ به داعش له ناوچه‌كه‌دا جێگیر بوون. گوتیشی، بوونی سوپای توركیا له ناوچه سنوورییه‌كاندا یه‌كێكی دیكه ده‌بێت له ته‌وره‌كان له میانی به‌ڕێوه‌چوونی گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی نێوانیان. "بوونی سوپای توركیا له ناوچه سنوورییه‌كاندا په‌یوه‌سته به بوون و چالاكی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌و ناوچانه‌دا." ڕه‌تیشی كرده‌وه، هیچ بابه‌تێكی فه‌رمی له باره‌ی ئه‌وه‌وه هه‌بێت كه توركیا به نیاز بێت ڕێڕه‌وێكی ئه‌منی به قووڵایی 30 بۆ 40 كیلۆمه‌تر له ناوچه سنوورییه‌كان دروست بكات. گوتیشی، ئه‌مه زیاتر له مێدیا باس ده‌كرێت و توركیا له‌م باره‌وه به فه‌رمی له‌گه‌ڵ عێراق قسه‌ی نه‌كردووه. فوئاد حوسێن جه‌ختی كرده‌وه پرسی په‌كه‌كه پرسێكی توركییه، به‌ڵام ده‌بێت له عێراق چاره بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش چۆن بوونی پرسی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ئێران له هه‌رێمی كوردستان چاره كرا و زۆربه‌یان وه‌كوو په‌ناهه‌نده له كه‌مپه‌كاندا جێگیر كران، به هه‌مان شێوه ده‌كرێت پرسی په‌كه‌كه‌یش چاره بكرێت. نه‌یشیشارده‌وه، ئایدۆلۆجیای په‌كه‌كه و جۆری بیركردنه‌وه و چالاكییه‌كانی له ئایدۆلۆجیا و بیركردنه‌وه و چالاكییه‌كانی هێزه ئۆپۆزسیۆنه كوردییه‌كانی ئێران كه له هه‌رێمی كوردستانن، جیاوازه.
له باره‌ی گواستنه‌وه‌ی سه‌ران و چه‌كدارانی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ عێراق، فوئاد حوسێن ڕه‌تی كرده‌وه وه‌كوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هیچ بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ی له به‌رده‌ستدا بێت و ئاگه‌داری بێت. به دووریشی زانی عێراق له باره‌ی كۆتاییهێنان به شه‌ڕی غه‌ززه ڕۆڵی نێوه‌ندگیریی یان هه‌ر جۆره ڕۆڵێكی دیكه ببینێت، به‌و پێیه‌ی له عێراق یاسایه‌ك هه‌یه كه هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك تاوانبار ده‌كات به مامه‌ڵكردنی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل! به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌یشدا هاوسۆزییه‌كی زۆری عێراقییه‌كان بۆ دۆزی فه‌ڵه‌ستین هه‌یه و حكوومه‌تی عێراق پاڵپشتی له ئاگربه‌ست و كۆتاییهێنانی شه‌ڕه‌كه ده‌كات.