ئومێد سەباح: ڕێککارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێک دەخەین

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، ڕێککارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێک دەخەنەوە.
پێنجشەممە 11ـی تەممووزی 2024، ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازییان لە شاندێکی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کردووە کە تایبەت بوون بە ڕێکخستنەوەی ڕێککارە کارگێڕی و داراییەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەکە لە ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەیبوون، باس لە چۆنیەتی ڕێکخستنەوەی ڕێککارە کارگێڕییەکان و سیستەمی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە بەشێوەیەک کە هاوشێوەی یەکتری بن و گونجاوبن لەگەڵ یەکتر، دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری پێکهێنانی تیمێک درا، ئەم تیمە کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ڕێککارە کارگێڕییەکان و دروستکردنی سیستەمێکی دارایی گونجاو و هاوبەش دەکات لەنێوان هەرێـم و بەغدا کە دەبێتە بناغەیەکی بەهێز بۆ ئەوەی لەداهاتوودا گرفتە کارگێڕیی و داراییەکان بگەن بە چارەسەر .