لە کەربەلا نرخی کەلوپەل و خواردەمەنی بەرز دەبێتەوە

لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەم و یادی ئیمام حوسێن. نرخی شتومەک و خواردەمەنییەکان لەپارێزگای کەربەلا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبەنەوە.
هاووڵاتییانی کەربەلا داوادەکەن، ڕێگریی بکرێت لەبەکارهێنانی یادی ئیام حوسێن بۆ گرانفرۆشی.
فەرمانگەی چاودێریی بازرگانی کەربەلا دەڵێت، هەموو ڕۆژێک سەردانی بازاڕەکان دەکەن و سەرپێچیکاران ڕەوانەی دادگەی تایبەت دەکەن.
لەگەڵ هاتنەوەی مانگی موحەڕەم نرخی خواردن و سەوزە و میوە لەبازاڕەکانی کەربەلا بەرزدەبنەوە، هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیەش بۆ زیادبوونی خواست لەسەریان دەگەڕێتەوە. خەڵکانێکی زۆر سەوزە و خواردەمەنی دەکڕن و ژەمەخواردن بۆ زیارەتکارانی یادی ئیمام حوسێن ئامادە دەکەن.
هاووڵاتییەکی کەربەلا بۆ کوردستان24 دەڵێت، "من وەک هاووڵاتییەک کە دیمە بازاڕ ناتوانم شت بکڕم بەڕاستی نرخەکان زۆر بەرزن. نرخی زەیت و برنج لە %50زیادیکردووە، بەڕاستی لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەم شت زۆر گران دەبێت".
هاووڵاتییەکی دیکەش گوتی، "هاتم برنج و شەکر و نیسک بکڕم، بەڵام سەرسام بوم کاتێک زانیم نرخەکان زۆر زیادیانکردووە، نازانم بۆ وادەکەن ئێمە لەمانگی موحەڕەمی حەرامداین. خەڵک ژەمەخواردن بۆ زیارەتکارانی ئیمام حوسێن ئامادە دەکەن، واتای نییە فەردەیەک برنج گەیشتووەتە 70 هەزار.
لەلایەکی دیکەوە بەشی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا بەهاوکاریی دەستەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان دەستیان بەسەردانیکردنی دووکان و بازاڕەکان کردووە، بۆ ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ و یاریکردن بە بەهای خواردنەکان، هەروەها ڕێگریی لە بەکارهێنانی یادی ئیمام حوسێن بۆ گران فرۆشی.
عەلی زوبێدی، سەرۆکی فەرمانگەی چاودێری بازرگانی کەربەلا ڕایگەیاند، تیمەکانی چاودێری بەردەوامن لە پشکنین و بەسەرکردنەوەی بازاڕەکان. لەگەڵ هاتنی مانگی موحەڕەم سەردانەکانمان بۆ بازاڕە ناوخۆییەکان زیاترکردووە. ڕەنگە بەرزبوونەوە لە نرخی هەندێک خۆراک هەبێت بەڵام، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و بەتایبەتی دەستەی ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان بەنزیکەیی هەموو ڕۆژێک دەرچوونمان هەیە، سەرپێچیکاران ڕەوانەی دادگەی تایبەت دەکەین.
لەگەڵ پێشوازی فراوانی پارێزگای کەربەلا لە زیارەتکاران، خەڵکی پارێزگاکە ترسیان لێنیشتووە لە بەرزبوونەوەی نرخی خواردنە سەرەکییەکان، داوادەکەن لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکرێت یاری بە نرخەکان دەکەن و ئەم بۆنە ئاینییە خراپ بەکاردەهێنن، لەجێگەی هاوکاریکردنی خێزانە هەژار و کەم دەرامەتەکان.