جۆو بایدن: پابەندم بە کۆتایی هێنانی شەڕی غەززە

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ماوەی سێ مانگە کار دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە غەززە، ،لەم بارەیەوە بەرەوپێشچوونیان بەدەستهێناوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، کابینەی ئێستەی حکوومەتی ئیسرائیل یەکێکە لە توندڕەوترین کابینەکانی مێژووی ئەو وڵاتە و هیچ وەڵامدانەوەکییان بۆ چارسەریی دوو دەوڵەت نییە.

بایدن جەختی لەوەشکردەوە، پابەندە بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و سەقامگیرکردنی ئارامیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماوەی سێ مانگە ئەمەریکا کاردەکات بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان و فەراهەمکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی ئارام و سەقامگیر.

جۆو دەشڵێت، "پلانێکم لەو باریەوە نووسی و ڕەوانەی ئەنجوومەنی ئاسایش و گروپی حەوتم کرد، ئسرائیل و حەماس قبوڵیان کردووە. بەڵام قورسی و ئاڵنگاریی هەیە، بۆشایی هەیە دەبێت پڕبکرێتەوە، هەرچەندە ئێمە بەرەوپێشچوونمان هەبووە. من پابەندم بە کۆتایهێنان بەشەڕی غەززە، پێویستە ئەم شەڕە ئێستە کۆتایی بێت".

ڕاشیگەیاند، من پشتیوانی ئیسرائیل دەکەم، بەڵام کابینەی ئێستەی حکوومەتەکەیان یەکێکە لە توندڕەوترین کابینەکان،. هیچ وەڵامدانەوەیەکیان بۆ چارەسەری دوو دوڵەت نییە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.