کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: نزیکەی چوار ملیۆن دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیاند، نزیکەی سێ ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە بەڵام زیاتر لە دوو ملیۆن و 901 هەزار کەس خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە و لەو ژمارەیەشدا نزیکەی 240 هەزار دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نزیکەی سێ ملیۆن و 800 هەزار دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان هەن، بەڵام ئەو دەنگدەرانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە، تەنیا دوو ملیۆن و 901 هەزار و 80 دەنگدەرن .

بەگوێرەی زانیارییەکانی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەو ژمارەیەدا دوو ملیۆن و 672 هەزار و 43 کەس لە دەنگدانی گشتی و 239 هەزار و 37 کەسیش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

لە پارێزگای هەولێر، ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە یەک ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر  کە 928 هەزار و 823 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 82 هەزار و 525 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت لە خۆدەگرێت.

ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای سلێمانی، بریتییە لە ملیۆنێک و 146 هەزار و 530 دەنگدەر و یەک ملیۆن و سێ هەزار و 772 دەنگدەر لەدەنگدانی گشتی بۆیان هەیە دەنگ بدەن و 74 هەزار و 915 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت .

هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆک، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە 738 هەزار و 193 دەنگدەر  کە 680 هەزار و 443 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 55 هەزار و 100 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

کۆی گشتی دەنگدەران لە پارێزگای هەڵەبجە، بریتییە لە 62 هەزار و 584 دەنگدەر کە 59 هەزار و پێنج کەس مافی ئەوەیان هەیە لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن و 579 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

ڕێککەوتی 26ـی حوزەیران نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەرکرد، بە گوێرەی فەرمانەکە ڕۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

Fly Erbil Advertisment