هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە کوردستان بەردەوامە

موقەدەم کارزان ئەمیر غەفوور، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم
موقەدەم کارزان ئەمیر غەفوور، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم ڕایگەیاند، هەڵمەتی نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە و هەر کەسێکیش چەکی بێ مۆڵەتی پێ بگیرێت ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، 12ـی تەمموزی 2024، موقەدەم کارزان ئەمیر غەفوور، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم، بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، لە ساڵی 2022، لە دوای دەرچوونی فەرمانی مەسرور بازرانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت و داخستنی ئەو شوێنانەی کە بە نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتن و چاککردنەوەی چەک دەکەن، وەک ئەرکی خۆمان دەستمان بە جێبەجێ کردنی بڕیارەکە کرد و 60 ڕۆژیشمان لە وادەیەی دیاری کراوی خۆی بۆ هاووڵاتییان درێژ کردەوە، بۆ ئەوەی ئەوانەی فریا نەکەوتوون یاخود لەناو هەرێمی کوردستان نەبوون، بتوانن چەکەکانی خۆیان بکەن بەفەرمی و پێناسەی چەکی هەبێت لەلایەن حکوومەتەوە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، "لەناو بڕیارەکە و دوای تەواو بوونی ئەو وادەیەی دیاری کرابوو بۆ تۆمار کردنی چەک، وەکو دەزگای پۆلیس و ئەمنی هەرێم کوردستان، هەمیشە بە ئەرکی سەرشانی خۆمان هەستاوین بە دانانی مەفرەزە، بازگەکان و هەروەها خاڵی هاوبەشیش هەوڵمانداوە ئەو کەسانە دەسگیر بکەین، کە چەکی نایاساییان لایە و یاخود هەوڵدەدەن چەک بە نایاسایی بفرۆشن".

دەشڵیت: "دوای تەواو بوونی ئەو ماوەیەی دیاری کرابوو بۆ تۆمارکردنی چەک لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 17 هەزار پارچە چەک تۆمار کران، بە ئێستەشەوە لای خۆمانەوە دەرفەتی زیاترمان داوە بە هاووڵاتییان، ئەوانەی ئەو کاتەی نەیان توانیووە چەکەکانیان تۆمار بکەن، ئێستە دەتوانن لەڕێگەی دەزگاکان و لە ئیدارە سەربەخۆکان بچن داوای مۆڵەتی چەک بکەن".

"ئێمە جیاوازییەکی تەواو دەبینن لەنێوان سالانی ڕابردوو کە هاووڵاتییان چەکەکانیان تۆمار نەکردبوو، لەبەر ئەوەی ئەم چەکانە زۆرجار دەستاودەستی دەکرد، واتە کەسێک لە خزمێکی یان هاوڕێیەکی چەکی وەردەگرت و تاوان یا هەڕەشە یان تەقەی پی دەکرد، ئینجا دواتر چەکەکەی دەگەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی.  ئێستە لەو حاڵەتە کەس ناتوانێت دەستبدات لە چەکی کەس ئەگەر بۆ چرکەیەکیش بێت، چونکە ئەو چەکە لەسەر ناوی خاوەن چەک تۆمار کراوە، پێناسەی ئەوچەکە لەسەر خاوەن چەکەکەیە، هەر تاوانێک یاخود هەڕەشیەکی پێ بکرێت، خاوەن چەک ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە". موقەدەم کارزان غەفوور وا دەڵێت.

Fly Erbil Advertisment