هاووڵاتییه‌ك له ئه‌نجامی تۆپبارانی سوپای توركیا له سیده‌كان بریندار بوو
![نێچیروان حه‌كیم](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Jul-2024/172078963875555.jpg)
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژه به‌وه ده‌كات، له ئه‌نجامی تۆپبارانی سوپای توركیا له ده‌ڤه‌ری برادۆست هاووڵاتییه‌ك بریندار بووه و دوای برینداربوونیشی ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراوه.
ڕۆژی هه‌ینی 12ـی ته‌ممووزی 2024، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، كاتژمێر 10:50 خوله‌كی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، نێچیروان حه‌کیم ڕه‌سووڵ، ته‌مه‌ن (33) ساڵ كه شوانكاره‌یه و دانیشتووی ده‌شتی هێرته له كوێستانه‌كانی شه‌كێو له ده‌ڤه‌ری برادۆست له قه‌زای سیده‌كان له ئه‌نجامی تۆپبارانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه، بریندار بووه.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، كارمه‌نده‌كانی تیمه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته شوێنی تۆپبارانه‌كه و ناوبراویان به برینداری بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سیده‌كان گواستووه‌ته‌وه و دواتریش ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران كراوه.
کاروان میراودەلی باسی له‌وه‌ش كرد، ساڵانە ژمارەیەک هاووڵاتی لە دەڤەرەکەیان لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای ئێران و سوپای تورکیا گیان ده‌سپێرن و بریندار دەبن، هاوكات سه‌ره‌ڕای زیانێكی زۆر كه به‌ر ناوچه‌كه ده‌كه‌وێت و زیانی گه‌وره‌ی ئابووری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه 11ـی ته‌ممووزی 2024، بە سەرپەرشتی محەممەد شییاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا لەشکرکێشی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان ڕەت کرایەوە و ئەنجوومەنەكە داواش لە تورکیا دەکات ڕەچاوی بنەماکانی درواسێتی باش بکات.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی ئەنجوومەنەکە، سوودانی، شاندێک بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دەنێرێتە هەرێمی کوردستان و بۆئەوەی بەیەکەوە تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچە سنوورییەکان بكەن.
لە بەرامبەردا یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی سوورە لەسەر دروستکردنی ڕێڕەوێکی ئەمنی بە قووڵایی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا.
ئەم ھەڵوێستەی حكوومەتی عێراق لە كاتێكدایە كە پێشتر ئیبراهیم سومەیدەعی، ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاند، توركیا لە هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان، هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا هەیە.
پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بوونی پەكەكە بیانوی زیاتر بە توركیا دەدات، بە جۆرێک كە ڕۆژ بە ڕۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر دەکات.