کەرکووک حەوت ساڵی دەسەڵاتی سەپێندراوی تێپەڕاند
K24 – هەولێر:
کورد لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق لە 2003 بە ئازادیی گەڕایەوە کەرکووک و زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستی پارێزگاری لە دەستبووە، لە ئیدارەدانی شارەکەش ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، تاوەکوو ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، ئیتر ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی تاکڕەودا بەڕێوە دەبرا تاوەکوو یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵبژێردراو لە 11ـی تەمموزی 2024.
یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری کە پێشتر پارێزگاری سەپێندراوی ئەو شارە بوو، وەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بە تەمەنترینیانە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و تەنیا 30 ڕۆژی لە بەردەمە وەک پارێزگاری کاربەڕێکەر تاوەکوو هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ، لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دابنیشێت.
یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر دەستپێشخەریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەپێناو پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای کەرکووک، بەشێوەیەک ئەحمەد فەتلاوی، نوێنەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەی دانیشتنەکە بوو ڕایگەیاند: ئەوان ڕژدن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگای کەرکووک.
ئامادەبوونی شاندێکی باڵای پەرلەمانی عێراقیش بە سەرۆکایەتی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەخت کردنەوەی هەوڵە سیاسیی و یاساییەکان بوو، بۆ شڵەقاندنی دۆخی چەقبەستووی دوای نزیکەی حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
شاخەوان عەبدوڵڵا لە وتەکانیدا دووپاتی کردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک و دەستپێکردنی پرۆژەکان و خزمەتکردنی کەرکووکییەکان، کە ئێستا شارەکە بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و نەبوونی چاودێری بەسەر فەرمانگە و پرۆژەکانی ئیدارەی پارێزگاکە.
وەک ئەوەی بڕیاربوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کاتی خۆیدا بەڕێوەنەچوو، دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنەکە، ڕێککەوتن لە دانیشتنێکی کراوەدا کە تەنیا 10 خولەکی پێچوو، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، ڕاکان جبووری ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی یاسایی ئەم دانیشتنە هەڵدەگرم بەبێ ئەوەی کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەکرد: کە 30 ڕۆژیان هەیە بۆ گفتوگۆ کردن و گەیشتنە ڕێککەوتن لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک.
لەلایەن خۆیەوە، حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەگەر لە ماوەی یاسایی دیاریکراو کە 30 ڕۆژە، لایەنەکان نەتوانن بگەنە ڕێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، ئەوا پرسەکە دەکەوێتە دەستی حکوومەتی عێراق و ئەوکات لەوانەیە کەسێک بکرێتە پارێزگاری کەرکووک، بە دڵی کەرکووکییەکان و لایەنەکانیش نەبێت.
ڕۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.
ڕۆژی (28ـی کانوونی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، 559 هەزار و 221 دەنگی دروست لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەبووە کە کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنەکە لە 16 کورسی پێکهاتووە (11 کورسی بۆ پیاو، 4 کورسی کۆتای ئافرەتان و یەک کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیان).
لە کۆی 16 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، كورد خاوەنی حەوت كورسییە (پێنج کورسی بۆ یەكێتی و دوو کورسی بۆ پارتی)، پێکهاتەی عەرەبیش شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبیی كەركووك سێ کورسی، لیستی قیادە دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبە یەک کورسی هەیە)، هاوکات بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
دوای ئەوەی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە بڕیاربوو لە (1ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبچێت بۆ (5ـی شوباتی 2024) دواخرا و لەو رۆژەشدا، بە بەشداری ئەندامانی کورد و کۆتای کریستیانەکان کە ژمارەیان هەشت ئەندامە، ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بەڕێوەچوو بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ئەندامانی عەرەب و تورکمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
بەهۆی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کە دوای 18 ساڵ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەکە بوو بەڕێوەچوو، هیچ یەکێک لەو لیستانەی کورسی ئەنجوومەنەکەیان بەدەستهێناوە نەیانتوانیوە زۆرینە بەدەستبهێنن بۆیە لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پۆستەکانی دیکە، پێویستیان بە ڕێککەوتن و هاوپەیمانی هەیە.
عەرەب و تورکمانەکانیش ئەگەر پێکەوە هاوپەیمانی بکەن کۆی ژماریە کورسییەکانیان دەبێتە هەشت کورسی (لە کۆی 16 کورسی)، بۆیە ناتوانن بەبێ کورد هیچ پۆستێک لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک یەکلایی بکەنەوە کە هاوکات بەهۆی نزیکی کورسی کۆتای پێکهاتەی کریستیانەکان لە لایەنە کوردییەکان، ژمارەی کورسی ئەوانیش دەبێتە هەشت کورسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
کورد سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری کەرکووک کورد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەریەکە لە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕێبوار تەها، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک و حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وتەکانیاندا لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک جەختیان کردەوە کە پارێزگاری نوێی کەرکووک، کورد دەبێت.