ئێلی گۆڵد: وڵاتانی ناتۆ لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن

K24 – هەولێر:
سهرۆكی پهیمانگهی گۆڵد بۆ ستراتیژیی نێودهوڵهتی ڕایگەیاند: وڵاتانی ناتۆ لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانن و بانگهێشت کردنی وڵاتانی ناوچەکەش بۆ لووتکەکەیان پەیامێکی گرنگە.
ڕۆژی هەینی (12ـی تەمموزی 2024) ئێلی گۆڵد، سهرۆكی پهیمانگهی گۆڵد بۆ ستراتیژیی نێودهوڵهتی لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر (20:00)ـی کوردستان24 بە کۆمار نادری ڕاگەیاند: بەردەوامی شەڕی غەززە و هەڕەشەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی نیگەرانی وڵاتانی ناتۆ.
ئێلی گۆڵد ئاماژەی بەوەکرد: دۆخی غەززە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تێکداوە و ڕوون نییە لە ئەگەری بەردەوامی ئاڵۆزییەکان، ناوچەکە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت.
لەبارەی بوونی ئەمەریکا لە عێراق، سهرۆكی پهیمانگهی گۆڵد بۆ ستراتیژیی نێودهوڵهتی باسی لەوە کرد: ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا دەیەوێت عێراق بەهێز بێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە زیاتر بەرەوپێش ببات. هاوکات گوتیشی: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەو وڵاتە لە عێراق و ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە دەبێت، ئەگەر هاتوو تڕەمپ براوە بێت.
وڵاتانی ناتۆ گرنگی بە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن بەڵام ئەندامێتی خۆی بۆ سنووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا، دەیەوێت ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە ڕووی ستراتیژی و ڕاوێژەوە، پێشی وابوو کە ناتۆ شوێنپەنجەی فراوانی نابێت لە داهاتوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لووتکەی ناتۆ لە 9ی ئەم مانگە لە واشنتن بە بەشداریی سەرۆکی 32 وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە و میوانداریی هەر یەک لە نیوزلەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی عەرەبی چالاکییەکانی دەست پێ کرد و تاوەکوو 11ـی تەمموزی 2024 کۆتایی بە کارەکانی هات.
گرنگترین تەوەرەکانی لووتکەکەش بریتی بوو لە پرسی ئاشتەوایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، شەڕی غەززە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی دژی ڕووسیا، لەگەڵ ڕووبەڕبوونەوەی هەژموونی چین لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.