جۆن کێربی: ناتۆ هەمیشە پاڵپشتیی ئۆکرانیا دەکات

جۆن کێربی، ڕێکخەری کاروباری ستراتیژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا
جۆن کێربی، ڕێکخەری کاروباری ستراتیژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

دوای سێ رۆژ لە بەڕێوەچوونی 37ەمین لووتکەی ناتۆ لە واشنتنی ئەمەریکا، لووتکەکە بە زۆرترین دەستکەوت بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هات. ئەندامانی ڕێخکراوەکە بڕیاریان داوە پێنج سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت و دەیان سیستەمی دیکە لەگەڵ فڕۆکەی ئێف 16 و چەکی دیکەی پێشکەوتوو بە ئۆکرانیا بدەن، بەڵام بەڵێنیان بە ڤلادیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئەو وڵاتە نەدا کەی رێگەی دەدەن پەیوەندی بە ناتۆوە بکات.

ئەم ساڵ هاوپەیامانیی ناتۆ بە 32 ئەندام 37ەمین لووتکەی خۆی بەست. هەڕەشەکانی ڕووسیا جارێکی دیکە مژاری سەرەکی بوون، هەروەها لووتکەکە بە ڕاگەیاندنی بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی ئۆکراینا کۆتایی هات.

جۆن کێربی، ڕێکخەری کاروباری ستراتیژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردستان24ـیش ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی لووتکەکە لەسەر ئۆکرانیا بوو. زۆر ڕوونە کە هاوپەیمانیی ناتۆ لەپشت ئۆکرانیا دەوەستێتەوە.

هاوکات باسی لەوە کرد، "زیاتر لە 24 ئەندامی ناتۆ خۆیان ڕێککەوتنی دوولایەنەی ئەمنییان لەگەڵ ئۆکرانیادا ئیمزا کردووە، ئێمەش بۆماوەیەکی دوورودرێژ پاڵشتیمان لە بەرگریکردن لە ئۆکرانیا کردووە، ئەم لووتکەیە دەستکەوتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەت بۆ ئۆکرانیا، کە پێم وایە ئۆکرانییەکان شانازی پێوە دەکەن."

ستراتیژی ڕێکخراوی ناتۆ ئەوەیە کێشە و ئاڵنگارییەکان لە هەر سوچێک ئەم هەسارەیە بێت کاریگەرییان بەسەر تەواوی جیهانەوە هەیە، بۆیە تاوتوێکردنی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بوو لە ئەجێندای لووتکەکە. بڕیاریشە ناتۆ نووسینگەی خۆی لە ئووردن بکاتەوە.

جان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: گرنگە گفتوگۆ و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان هەبێت، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی باشیان لەگەڵ ناتۆدا هەیە.

گوتیشی: "ئووردنیش وڵاتێکی زۆر گرنگە، ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستە کێشەیەکی سەختە. بوونی ئۆفیسی ناتۆ لە ناوچەکە ئاسانکاری دەکات و ئێمە پشتگیری تەواوی لێ دەکەین."

لەلایەکی دیکەوە، کاسپەر ڤێلدکامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، گوتی: ئەرکی ناتۆ لە عێراق زۆر گرنگە، ئەوەی لە ناوچەکە ڕوودەدات کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەوروپا هەیە. بۆیە ئێمە بە ئەرێنییەوە چاومان لەوەیە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا بکەین.

جەختی لەوە کردەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی بۆ ئاسایشی ئەورووپا زۆر گرنگە و بۆ ناتۆش گرنگی خۆی هەیە. هاوکات گوتیشی:" ئێمە چاوەڕێی ئەوەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێویاندا ئووردن بەرەوپێش ببەین، شانشینی ئووردن بۆ ئێمە زۆر گرنگە و پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ شای ئووردندا هەیە، لە بواری جیاواز هەماهەنگیمان هەبووە بەتایبەت لە دابەشکردنی هاوکاری لە رێگەی هێزی ئاسمانی بۆ غەززە."

بۆ بەهێزکردنی پێگەی هاوپەیمانیی ناتۆ، ژمارەیەک وڵاتی دەرەوەی رێکخراوەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک سعوودییە، عێراق، ئووردن، بەحرێن، ئیمارات و ئیسرائیل بانگهێشتی لووتکەی ناتۆ کرابوون.

37ەمین لووتکەی ناتۆ بەزۆرترین دەستکەوت بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هات. جگە لە گفتوگۆ و باسکردنی هەڕەشە و هەژموونی چین، کێشەی تیرۆر و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بوون لە گفتوگۆکان.