وەزیری دەرەوەی چیک بۆ کوردستان24: وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی باشیان لەگەڵ ناتۆدا هەیە

K24 – واشنتن:
دوای سێ رۆژ لە بەڕێوەچوونی 37ەمین لووتکەی ناتۆ لە واشنتنی ئەمەریکا، لووتکەکە بە زۆرترین دەستکەوت بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هات، هەروەها لە لووتکەی ئەم جارە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هاوپەیمانیی ناتۆ، ژمارەیەک وڵاتی دەرەوەی ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک سعوودییە، عێراق، ئووردن، بەحرێن، ئیمارات و ئیسرائیل بانگهێشتی لووتکەکە کرابوون.
جان لیپاڤسکی، وەزیری دەرەوەی کۆماری چیک تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: گرنگە گفتوگۆ و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان هەبێت.جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی باشیان لەگەڵ ناتۆدا هەیە.
ئەم ساڵ هاوپەیامانیی ناتۆ بە 32 ئەندام 37ەمین لووتکەی خۆی بەست. هەڕەشەکانی ڕووسیا جارێکی دیکە مژاری سەرەکی بوون، هەروەها لووتکەکە بە ڕاگەیاندنی بەردەوامیدان بە هاوکاریکردنی ئۆکراینا کۆتایی هات.
گوتیشی: "ئووردنیش وڵاتێکی زۆر گرنگە، ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستە کێشەیەکی سەختە. بوونی ئۆفیسی ناتۆ لە ناوچەکە ئاسانکاری دەکات و ئێمە پشتگیری تەواوی لێ دەکەین."
37ەمین لووتکەی ناتۆ بەزۆرترین دەستکەوت بۆ ئۆکرانیا کۆتایی هات. جگە لە گفتوگۆ و باسکردنی هەڕەشە و هەژموونی چین، کێشەی تیرۆر و گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێک بوون لە گفتوگۆکان.
هەروەها لە لووتکەی ئەم جارە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هاوپەیمانیی ناتۆ، ژمارەیەک وڵاتی دەرەوەی ڕێکخراوەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک سعوودییە، عێراق، ئووردن، بەحرێن، ئیمارات و ئیسرائیل بانگهێشت کرابوون.