بەشێک لە دیموکراتەکان لە شێواز و هەڵسوکەوتی جۆو بایدن ناڕازین

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا

بەشێک لە دیموکراتەکان و زۆرینەی دەنگدەرانی جۆو بایدن، لە هەڵسوکەوت و شێوازی قسەکردنی نیگەرانن؛ نانسی پیلۆسی، کە دیارترین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە لەسەر پشکی دیموکراتەکان، نایەوێت بایدن وەک کاندیدای سەرەکیی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستنیشان بکرێت، زۆرینەی دەنگدەرانیش لەو بڕوایەدان تەمەنی بایدن  بۆ ئەوە ناگونجێت جارێکی دیکە دەنگی پێ بدەن.

لووتکەی ناتۆ بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەرفەتێک بوو تا متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ دەنگدەرانی و دیموکراتەکان، کە دوای یەکەم دیبەیتی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئەو متمانەیەی لەدەست دا.  لە لووتکەیەی ئەمجارەی ناتۆ چەندین جار هەڵەی کرد و هەڵسوکەوتەکانی وای کرد نیگەرانیی دیموکراتەکان قووڵتر ببێتەوە.

جۆو بایدن، لە شوێنێکدا کاتێک پێشوازیی لە ڤۆلۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەکات، بە هەڵە ناوی ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا دەهێنێت کە ئێستە سەرسەختترین دوژمنی ئۆکرانیایە. هەروەها لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا،  بە ئەسپایی وەڵامی پرسیارێک دەداتەوە و دەڵێت: ئەو کاتە لە هەڵبژاردن بەشداریی ناکەم ئەگەر پێم بڵێن هیچ ڕێگەیەک نییە لەم هەڵبژاردنە براوە بم و کەسیش ئەم قسەیەی نەکردووە .

بەگوێرەی مێدیاکانی ئەمەریکا، تا ئێستە 17 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموکراتەکان داوایان لە بایدن کردووە لە هەڵبژاردن بکشێتەوە. بەگوێرەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە یەکێک لە دیارترینیان نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووتری ئەنجوومەنی نوێنەرانە و لە تواناکانی بایدن نیگەرانە نایەوێت وەک کاندیدی سەرەکی دەستنیشان بکرێت.

جیم هایمز، یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە داوای کشانەوەی بایدن دەکات و دەڵێت، پێویستە بەهێزترین کاندیدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ترەمپ دەستنیشان بکەین.

هەروەها پیتەر وێڵچ، تاکە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانە لە دیموکراتەکان داوای لە بایدن کردووە لە پێناو بەرژەوەندیی وڵات کاندیدابوونی خۆی بکشێنێتەوە.

هەروەها بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ئەی بی سی نیوز و واشنتن پۆست و ئیپسۆس، لە %67ـی دەنگدەران داوا دەکەن جۆو بایدن، لە کاندیدایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بکشێتەوە.

هەروەها ئەو دەنگدەرانەی پێشتر بڕیاریان دابوو دەنگ بە جۆو بایدن بدەن، ئێستە لە %81 دەڵێن تەمەنی بایدن بۆ دووەم خولی سەرۆکایەتیی ناگونجێت.

بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بەڕێوە بچێت، ڕاپرسییەکان دەری دەخەن دۆناڵد ترەمپ، زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی جۆو بایدن، ببێتەوە.

دۆناڵد ترەمپی کۆماریخواز، پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم، پێگەی خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.