ئیلۆن ماسک لەبانگەشەی هەڵبژاردن پشتیوانیی ترەمپ دەکات

بلومبێرگ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ملیاردێر ئیلۆن ماسک، هاوکاریی بەخشیوەتە گرووپێکی سیاسی، کە بۆ پشتیوانیی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ کار دەکەن.

لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە نەکراوە ماسک چەندی بەخشیوە، بەڵام بڕە پارەیەکی زۆر دراوە بە گروپی "ئەمەریکا ABC".

ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەمەریکا ABC" گروپێکە دەتوانێت بەشداریی بێسنوور بۆ چالاکییە سیاسییەکان وەربگرێت، دواتریش پێویستە لە 15ـی تەمموزدا لیستی بەخشەرەکان ئاشکرا بکات.

لە مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوودا ترەمپ لەگەڵ ماسک و بەخشەرە دەوڵەمەندەکانی دیکە کۆبووەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو ترەمپ بە فەرمی وەک کاندیدای پارتی کۆمارییەکان هەڵبژێردرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەردا بەڕێوە بچێت.

ماسک، کە خەڵکی باشووری ئەفریقایە و یەکێکە لە کەسە دەوڵەمەندەکانی جیهان، لە بەرنامەی ئێکس پۆستی کردووە و دەڵێت: "تەنها بۆ ئەوەی زۆر ڕوون بێت، من پارە نابەخشم بە هیچ کام لە کاندیداکانی سەرۆکایەتیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا".

سەرچاوەیەکی کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، تا ئێستە سروشتی ڕۆڵەکە بە تەواوی دیاری نەکراوە و ڕەنگە ڕوو نەدات، بەڵام ئەو دوو کەسە، باسیان لە ڕێگاکانی پێدانی پێگەی فەرمی و کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی سنوورەکان و ئابووری بە ماسک کردووە.

هەروەها ماسک، لەگەڵ ملیاردێری ئەمەریکی نیلسۆن پێڵتز، کورتەیەکیان لەبارەی پلانێکەوە بۆ ترەمپ ئاگادارکردەوە کە بۆ وەبەرهێنان لە پرۆژەیەکی داتادا بۆ ڕێگریی لە ساختەکاریی دەنگدەران، هەیە. هەروەها پێڵتز و ماسک، بە ترەمپیان گوتووە هەڵمەتێکی کاریگەری لە ئێستەوە لە بازنەکانی نوخبەدا بەڕێوە دەچێت. ماسک و هاوپەیمانە سیاسییەکانی میوانداریی کۆبوونەوەی سەرکردە بازرگانییە بەهێزەکان دەکەن لە سەرانسەری وڵاتدا بۆ ئەوەی هەوڵبدەن ڕازییان بکەن پشتگیریی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک جۆو بایدن نەکەن.