پنتاگۆن بەڵگەنامەی کۆتایی لووتکەی ناتۆ بە ڕاگەیاندنی شەڕ ناو دەهێنێت

پنتاگۆن
پنتاگۆن

کارین کویتکۆڤسکی، بەرپرسی پێشووی پنتاگۆن ڕایگەیاند، بەڵگەنامەی کۆتایی لووتکەی ئەم دواییەی ناتۆ هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی جیهانی، بە تایبەتی لە دەریای باڵتیکەوە تا ئۆقیانووسی هێمن.

دەشڵێت "وشەکانی ناو بەڵگەنامەکە، وەک ڕاگەیاندنی شەڕە"، ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمە ترسناکە بۆ هەموو جیهان، ناتۆ هیچ سنوورێک بۆ خواستە ناوچەییەکانی نابینێت و بە بودجەی ئەمەریکا مەترسی لەسەر ئاشتی و ئاسایش و بازرگانیی لە دەریای باڵتیک و ئۆقیانووسی هێمن دروست دەکات.

کارین لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەم بەڵگەنامەیە ڕێگە خۆش دەکات بۆ شەڕێکی جیهانی قۆرغکار، کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی بیر تەسکەوە داڕێژراوە و لە دوای پێکهاتنیەوە تا ئێستە یەک شەڕی نەبردووەتەوە کە بەشداریی تێدا کردووە.

لە میانی لووتکەی واشنتۆن، لە یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکەدا، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لەسەر کۆمەڵێک خاڵ ڕێککەوتن کە دیارترینیان زیادکردنی پشتیوانیی ئۆکرانیایە لە بەرامبەر ڕووسیادا.

دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند، بەڵگەنامەکانی کۆتایی لە لووتکەی ناتۆ پەسەند کراون، دەیسەلمێنن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتیوانی لە دیالۆگ ناکەن، بەڵکو ناتۆ خۆی نوێنەرایەتی ڕووبەڕووبوونەوە دەکات.