بە چاودێریی سەرۆکوەزیران رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان بەڕێوە دەچێت

رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان بەڕێوە دەچێت
رێوڕەسمی دەرچوونی خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان بەڕێوە دەچێت

بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، رێوڕەسمی دەرچوونی زیاتر لە چوار هەزار گەنج لە خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و یاداشتێکی لێکگەیشتنیش لەگەڵ "قەتەر فاوندەیشن" ئیمزا دەکرێت. 

ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، بە چاودێریی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی کونسوڵی وڵاتان و بەرپرسانی حکوومەتیی لە هەرێمی کوردستان و قەتەر و، بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان24؛ رێوڕەسمی دەرچوونی چوار هەزار و 200 گەنج لە "خولی یەکەمی ڕاهێنانی گەنجان" بەڕێوە دەچێت. 

خولەکە، لەلایەن نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کراوە و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕ‌اهێنان بە چوار هەزار و 200 گەنجی شارەکانی هەرێمی کوردستان و تاراوگە کراوە. ئامانج لە خولەکە، پەروەردەکردنی گەنجان و بەهێزکردنی هەستە نەتەوایەتییەکەیانە.

هەر لە رێوڕەسمەکەدا، یاداشتێکی لێکگەیشتن لە نێوان نووسینگەی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان و "قەتەر فاوەندەیشن" بۆ پەرپێدان بە تواناکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان و چەندین پرۆژەی هاوبەشی دیکە ئیمزا دەکرێت. 

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو، سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بیرۆكەی ڕاهێنان بە گەنجانی ناوخۆ و تاراوگەی داوەتە ئۆفیسی دەستپێشخەری و پەیوەندییەکان، بە مەبەستی نیشتمانسازی و پێشخستنی هەستی نەتەوەیی و ئەم خولە بەردەوامی دەبێت.

گرنگیی قەتەر فاوەندەیشن 

قەتەر فاوندەیشن، سەرپەرشتیی هەموو پرۆژەکانی خوێندن، پەروەردە، تەندروستی، زانکۆ، قوتابخانە و  تواناکانی گەنجان لە قەتەر دەکات. شێخە مۆزە، دایکی ئەمیر سەرپەرشتی دەکات؛ بۆیە بە دایکی سەرکەوتنەکانی قەتەری دادەنێن.

یەکەمجارە قەتەر فاوندەیشن دێتە هەرێمی کوردستان و پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.

 

Fly Erbil Advertisment