کۆریای باکوور وەڵامی ناتۆ دەداتەوە
کۆریای باکوور وەڵامی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆی دایەوە، کە پیۆنگ یانگ بە پشتیوانی ڕاستەوخۆ لۆجستی بۆ ڕووسیا تۆمەتبار دەکات.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆ، کە لە سێشەممە تاوەکوو پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە واشنتن بەڕێو ەچوو؛ سەرۆکی وڵاتانی هاوپەیمانەکە سەرکۆنەی ڕەفتارەکانی پیۆنگ یانگیان کرد و تۆمەتباریان کرد کە بە پێدانی هاوکاریی ڕاستەوخۆی سەربازی ئاگری شەڕ ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا خۆش دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکوور، وەزارەتی دەرەوەی سەرزەنشتی توندی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی لووتکەی ناتۆی کردووە و تۆمەتەکانیشیان ڕەت دەکاتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە چوارچێوەی لووتکەکەدا، کۆریای باشوور و ئەمەریکا ڕێککەوتن لە سەر دانانی سیستمی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە سنووری نیمچە دوورگەری کۆریا بۆ ئەوەی بەرپەرچی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور بدەنەوە.
لەم بارەوە، نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور بڵاوی کردووەتەوە، سیئۆل و واشنتن پێکەوە مانۆڕی سەربازی دەکەن بۆ جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ئەمەریکا لە نیمچە دوورگەی کۆریا و دەوروبەریدا.
دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوور و کۆریای باشوور، پیۆنگ یانگ تاوەکوو ئێستا چەندین جار هەڕەشەی هێرشی ئەتۆمی لە سیئۆل کردووە، لە مانگی ڕابردووشدا وەک سووکایەتیی و گێچەڵ پێکردن چەندین باڵۆن خۆڵ و خاشاکی هەڵدایە ئاسمانی شارە سنوورییەکانی کۆریای باشوور و شەقام و شوێنە گشتییەکانی پڕکرد لە چەندین تۆن زبڵ و خاشاک.