ئەردۆغان وەزیری دەرەوەی بۆ ئامادەکاریی دیداری ئەسەد ڕاسپارد

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان،، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری و ڕێکخستنی دیداری تایبەت لەگەڵ بەشار ئەسەد، کە چاوەڕوان دەکرێت دیدارەکە لە تورکیا یان لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوە بچێت.
ئەردۆغان دوو هەفتە لەمەوبەر بانگهێشتی ئەسەدی بۆ دیدارێکی تایبەت کرد و سەرپشکی کرد لەوەی دیدارەکەیان لە تورکیا بکرێت یان لە وڵاتی سێیەم. لەگەڵ بانگهێشتنامەکەدا وەزیری دەرەوەشی ڕاسپارد کار بۆ ئامادەکارییەکانی دیدارەکە بکات.
هەروەها ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوانیدا دوای کۆتایی هاتنی 75مین لووتکەی دامەزاندنی هاوپەیمانی ناتۆ، ئەردوغان لە واشنتن سووربوونی خۆی بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق دووپات کردەوە و گوتی "دەمانەوێت پرۆسەیەکی نوێ لەگەڵ سووریا دەست پێ بکەین و بەسەر هەموو ئاڵنگاریی و دۆخە نەرێنییەکان زاڵ بین".
سەرۆکی تورکیا، لە دوای دوو هەفتەی تێپەڕبوون بە سەر پێشوازیی لە دیداری لەگەڵ ئەسەد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و دیمەشق، یەکشەممەی ڕابردوو ئاماژەی بە دیدارە خێزانییەکانی ڕابردووی نێوانی لەگەڵ ئەسەد کرد بە تایبەت دیدارەکەی ساڵی 2011 کرد و گوتی: تورکیا چاوەڕێی ئەسەد دەکات هەنگاوێک بنێت بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بە شێوەیەکی گونجاو.
گوتیشی: ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا تێڕوانینێکی باشی بۆ دیداری لووتکە لە تورکیا هەیە، هەروەها محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆچوونی تایبەتی لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئێمەش لە هەموو شوێنێک لەبارەی نێوەندگیری قسە دەکەین، هەربۆیە ناکرێت لەگەڵ ئەوانەی لەسەر سنوورەکانمانن و دراوسێمانن قسە نەکەین.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، پوتین پێشوازیی نەکردووە لەوەی دیداری ئەسەد و ئەردۆغان لە بەغدا بەڕێوە بچێت، بەڵکو پێی باشترە کۆبوونەوەکە لە تورکیا بکرێت، ئەمەش هانی ئەردۆغان دا بۆ ئەوەی بڵێت ئامادەین لە هەر ساتێکدا ئەسەد بانگهێشت و میوانداریی بکەین .
ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی شاری عەزاز و گوندەکانی دەوروبەری کە بەشێکی لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیایە و بەشێکیشی لە ژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتمانی سوریایە لە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی باکووری حەلەب دوێنێ هەینی دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا خۆپیشاندانیان و ئاڵای ئیئتلافی نیشتمانی سووریایان لە سەر باڵەخانەکان هێنایە خوارەوە و لە شوێنی پەیامی دژە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەرزکردەوە.
خۆپیشاندەران چەند داواکارییەکیان هەیە، لەوانە لێکۆڵینەوە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و لێپرسینەوە لە تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پوەیەندییەکانیان ڕەتکردە و داوای کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانیان کرد بۆ گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا و ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان دژی پەنابەران لە تورکیا