وەزیری ناوخۆ: پەکەکە هۆی ناسەقامگیریی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەولێر و بەغدا لەسەر کۆتایی پێهێنانی ئەو ناسەقامگیرییەی لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هاوڕان. 

ئەمڕۆ شەممە، 13-07-2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین سەردانی قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەولێر و گرژییەکانی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکان، بۆ نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 دوا.

پێنجشەممە، 11-07-2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە شنگال و چەند پرسێکی دیکە لەگەڵ مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان کۆ بووەوە.

ڕێبەر ئەحمەد، لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و قاسم ئەعرەجی، ڕایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باش و بەرهەمدار بوو؛ هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی،  پێویستە کۆتایی بەو ئارامی و ناسەقامگیرییەی لەسەر سنوورەکان هەیە، بێت. هاوکات بڕیارمان دا مامەڵە لەگەڵ هۆیەکانی دروستبوونی ئەو ناسەقامگیرییە بکەین، نەک لەگەڵ ئەنجامەکان".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، "بوونی پەکەکەیە" و بە پێویستیشی دەزانێت، "سیاسەتێکی نیشتمانیی یەکگرتوو لە عێراق هەبێت بۆ ئەوەی هەموو لایەک لەژێر چەتری ئەم سیاسەتە گشتییە و نیشتمانییەدا مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیە بکرێت. ناکرێت چەند بۆچوونی جیاواز لەسەر ئەم بابەتە هەبێت".

وەکو ئەوەی ڕێبەر ئەحمەد باسی کرد، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق "لەسەر ئەم بابەتە کۆکن؛ ئەوەی ماوەتەوە لە بەغدایە، بزانین لەوێ چ بڕیارێک لەبارەی ئەم بابەتەوە دەدرێت؛ ئێمەش لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆمان بۆ نەهێشتنی ئەم ناسەقامگیرییە دەدەین".

پەرەسەندنی گرژییەكانی پەكەكە و توركیا لە سنووری ھەرێمی كوردستان چووەتە قۆناغێکی نوێوە، بوونی پەكەكە بیانوی زیاتر بە توركیا دەدات، بە جۆرێک كە ڕۆژ بە ڕۆژ خاڵ و بنکەی سەربازیی زیاتر جێگیر دەکات.

ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تاوەکوو ئێستا بەردەوامە؛ ئەو ڕێکخراوە لەلایەن عێراق، تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناسێندراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش، لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون.

Fly Erbil Advertisment