قایمقامی هەولێر: لە نزیکترین کاتدا دووکانەکانی بازاڕی سپی بەسەر کاسبکاران دابەش دەکرێت

قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕایگەیاند، ، بازاڕی سپی شاری هەولێر لە کارەکانی بەردەوامە و نزیکە لە قۆناغی تەواو بوون، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا بەسەر کاسبکاران دابەش دەکرێت.
شەممە، 13ـی تەمموزی 2024، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بازاڕی سپی شاری هەولێر لە کارەکانی بەردەوامە و نزیکە لە قۆناغی تەواو بوون و لە 708 دووکان پێک دێت .
ئەو قایمقامە دەڵێت، "دووکانەکان بە ڕێگەی لیژنەیەک بەسەر کاسبکاران دابەش کراون، لیژنەکە لە پارێزگار پێک هاتووە. هەروەها بازاڕەکە هەموو مەرجەکانی سەلامەتی تێدا ڕەچاو کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا کاسبکاران لەو بازاڕە دەست بە ئیش و کارەکانیان دەکەن".
قایمقام دەشڵیت: "لە ساڵانی ڕابردوو بازاڕی سیم کە بە زێدەڕۆیی لەلایەن هاووڵاتییانەوە دروست کرابوو، هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێیدا نەبوو و جێگەکەشی شیاوی کارکردن نەبوو، هەر بۆیە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو پارچە زەویە کە ئێستە لەسەر شەقامی 120 مەترییە و بە بازاڕی سپی ناسراوە تەرخان کرا بۆ ئەو کاسبکارانەو ڕەزامەندی لەسەر ئەو زەویەدا"
"هەروەها لە ڕێگەی پارێزگارەوە دەستکرا بە دروستکردنی ئەو بازاڕە و نەخشەی بۆ داندرا، لەڕێگەی لیژنەوە دابەش کرا بەسەر ئەو کاسبکارانەدا و بە قیستی درێژخایەن و قۆناغ بە قۆناغ ئەو کاسبکارانە پارەکە دەدەنەوە بە حکوومەت".
نەبەز عەبدولحەمید ڕاشیگەیاند، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەچاوی بارودۆخی ئەو کاسبکارانەی کردووە و ئەو بڕە پارەی لەو کاسبکارانە وەردەگیرێت تەنیا هی دروستکردنی بازاڕەکەیە کە دەیدەنەوە بە حکوومەت".